ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵی توركیا بڵاویكردەوە، لە بەشی چاودێریی چڕ لە نەخۆشخانەیەكی شاری غازی عەنتاب بوتڵێكی ئۆكسجین تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە هەشت كەس گیانیان لەدەستداوە و چەند كەسێكی دیكەش برینداربوون.
ئاژانسەكە ئاماژەی بەوەكردوە، بەیانی ئەمڕۆ لە بەشی چاودێریی چڕی توشبوانی كۆرۆنا لە نەخۆشخانەی سانكۆ لە شاری غازی عەنتاب، بوتڵە ئۆكسجینەكە تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە ئاگركەوتوەتەوە.
هەرچەندە لە ئەنجامی هەوڵی تیمەكانی ئاگركوژێنەوە، ئاگرەكە بەخێرایی كۆنتڕۆڵكراوە، بەڵام بەهۆی ئاگرەكەوە هەشت نەخۆش گیانیانلەدەستداوە.
لە راگەیەندراوەكەدا باس لەوەشكراوە، 14 نەخۆشی دیكەی ناو بەشی چاودێری چڕ، رەوانەی نەخۆشخانەكانی دیكە كراون و لێكۆڵینەوەش لە روداوەكە دەستیپێكردوە.