بەهۆی جیابوونەوەی خانمە سیاسەتمەدارێک لەو حزبەی هاوسەرەکەی تیایدا ئەندامە، شیرازەی خێزانەکەیان بەرەو لێکترازان دەچێت.
سومیتراخان ئەندامی حزبی بی جی پی فەرمانڕەوا لە هیندستان داوای جیابوونەوە لە سوجاتا موندال خانی هاوسەری کردوە، کە چووەتە ریزی پارتی کۆنگرەی ترینامولی رکابەری حزبەکەیان لە بەنگالی رۆژئاوا.
بەم نزیکانە هەڵبژاردن لە بەنگالی رۆژئاوای هیندستان بەڕێوەدەچێت و کێبڕکێی سەرەکی لە نێوان بی جی پی و کۆنگرەی تریناموڵدا دەبێت.
سوجاتا موندال لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا پارتی فەرمانڕەوای بە پشتیوانی لە گەندەڵکاران تۆمەتبار کردوە.
دوابەدوای ئەوە سومیترا خانی هاوسەری رایگەیاند، کۆتایی بە ژیانی هاوبەشی دە ساڵەی لە گەڵ هاوژینەکەی دەهێنێت.
راشیگەیاند، حزبی کۆنگرەی تریموناڵ ماڵوێرانکەرە و ژنەکەیان لێ دزیوە.
لەبەرامبەردا سوجاتا باسی لەوەکردوە کە مێردەکە لە لایەن حزبی دەسەڵاتدارەوە خراوەتە ژێر فشارەوە بۆ ئەوەی جیاببنەوە.