ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانى عیراق ده‌ڵێت “ئه‌گه‌رى هه‌یه وه‌زیرى دارایى و پارێزگارى بانكى ناوه‌ندی-یش له پۆسته‌كانیان دوربخرێنه‌وه”.
كاردانه‌وه‌كان به‌رانبه‌ر به‌رزبونه‌وه‌ی به‌های دۆلار به‌راورد به دینار به‌رده‌وامن و له‌وباره‌یه‌وه ره‌شا حاته‌مى په‌رله‌مانتاری عیراق له‌لێدوانێكى ته‌له‌فزیۆنیدا باسى لهوهكردوه، حكومه‌تى مسته‌فا كازمى به‌رپرسیاره له دواكه‌وتنى ناردنى پرۆژه‌یاساى بودجه بۆ په‌رله‌مان، به‌ڵام ئاماده‌شن بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌رى.
وتیشى “ده‌ستبردن بۆ موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و هه‌ر رێوشوێنێك بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى موچه ره‌تده‌كه‌ینه‌وه، داواش له حكومه‌ت ده‌كه‌ین سێكته‌ره ئابورییه‌كانى دیكه چالاك بكات و داهات زیادبكات به‌بێ ده‌ستبردن بۆ موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران”.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره پێیوایه، دواى لێپرسینه‌وه له وه‌زیرى دارایى و پارێزگارى بانكى ناوه‌ندى له په‌رله‌ماندا، ئه‌گه‌رى هه‌یه به‌هۆى شكستهێنانیان له به‌ڕێوه‌بردنی دۆسیه‌ی ئابورییدا، له پۆسته‌كانیان دوربخرێنه‌وه.