سوپای ئیسرائیل لە ساڵیادی ٣٠ ساڵەی بۆردومانکردنی تەلئەبیبی پایتەختی وڵاتەکەی لەلایەن سوپای عێراقەوە، ڤیدیۆیەکی نوێی رووداوەکەی بڵاوکردەوە.
لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت کە پاش کەوتنەخوارەوەی موشەکەکان لە شارە جیاوازەکانی ئیسرائیل ترس و دڵەڕاوکێ دانیشتوانی ئەو وڵاتە دادەگرێت.
٣٠ ساڵ لەمەوبەر و لە ساڵی ١٩٩١ سوپای عێراق بە فەرمانی سەدام حسێن سەرکۆماری ئەوکاتی عێراق ٣٩ موشەکی بالیستی دروستکراوی سۆڤییەتی ئەوکات و روسیای ئێستای پاش چاککردنی تا مەودای هاویشتنی دووربێت و بگاتە ئیسرائیل، ئاراستەی شارەکانی تەلئەبیب و مینا و حەیفا و نەقبی لەو وڵاتە کرد.
هاوکات، بەهۆی موشەکبارانکردنەکەوە ٧٤ کەس گیانیان لەدەستدا و ٢٣٠ کەس برینداربوون و حەوت هەزار و ٤٤٠ باڵەخانە خاپوربوون و زیانێکی گەورە بەر ژێرخانی ئیسرائیل کەوت.
لەوکاتەدا، سیستمی بەرگری ئەمریکی “پاتریۆت” لە ئیسرائیل نەیتوانی بەرپەرچی هێرشەکانی عێراق بداتەوە و شکستیهێنا.