كۆمپانیاى تویته‌ر به‌شێوه‌یه‌كى هه‌میشه‌یى ئه‌كاونتى دۆناڵد ترامپ سه‌رۆكى ماوه به‌سه‌رچوى ولایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانى ئه‌مریكاى داخست.
كۆمپانیاى تویته‌ر سه‌باره‌ت به بڕیاره‌كه‌ى بڵاویكردوه‌ته‌وه: دوای پێداچونه‌وه‌یه‌كی وردی تویته‌كانی هه‌روه‌ها بۆ رێگریكردن له توندوتیژی زیاتر، ناچاربون هه‌ژماری دۆناڵد تره‌مپ دابخه‌ن.
لاى خۆشیه‌وه وته‌بێژى تۆرى كۆمه‌ڵایه‌تى تویته‌ر ئاماژه‌ى به‌وه‌كردوه: هه‌ژماره فه‌رمیه‌كانی ئیداره‌ی ئه‌مریكا راناگیرێت به‌ڵام به‌دواداچونیان بۆ ده‌كرێت، په‌نابردنی تره‌مپیش بۆ هه‌ژماری دیكه به‌پێچه‌وانه‌ی یاساكانی تویته‌ر ناوده‌بات.
له‌لایه‌كى تره‌وه دۆناڵد تره‌مپ سه‌باره‌ت به بڕیارى كۆمپانیاى تویته‌ر ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه: تویته‌ر زۆر زێده‌ڕۆیی كردوه له به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی ئازادی راده‌ربڕین، كۆمپانیاكه له‌گه‌ڵ دیموكراته‌كان و چه‌پی په‌ڕگیر رێككه‌وتون بۆ ره‌شكردنه‌وه‌ی ئه‌كاونته‌كه‌م و بێده‌نگ كردنم، ئه‌وه‌ش پێچه‌وانه‌ی بۆچونی 75 ملیۆن ئه‌مریكییه كه ده‌نگیان پێداوم.