سەرۆكی لقی گەرمیانی یهكێتی مامۆستایانی كوردستان ئاشكرای دهكات، بەپێی ئەو ڕێككەوتنەی لەگەڵ كۆمپانیای جێبەجێكاری پڕۆژەی بەهەشتی كەلار كراوە، لە ئایندەیەكی نزیكدا تەواوی یەكەكان بەسەر مامۆستایانی بەشداربوو لە پڕۆژەكە دابەش دەكرێت.
ئازاد حەسەن، سەرۆكی لقی گەرمیانی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان، له لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕایگەیاندوه، “ماوەی دوو ساڵە بڕیاری دروستكردنی حەوت هەزار یەكەی نیشتەجێبوون لە سنووری ئیدارەی گەرمیان بۆ مامۆستایانی سنوورەكە چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە و لە ئێستادا 27%ی كارەكان لەلایەن كۆمپانیای جێبەجێكارەوە تەواو كراوە و لە ئایندەیكی نزیكدا، ڕاستەوخۆ دەست دەكرێت بە ئەنجامدانی تیروپشك بۆ دابەشكردنی خانووەكان بەسەر مامۆستایاندا، بۆ ئەوەی هەر بەشداربوویەك ژمارە و شوێنی یەكەكەی خۆی بزانێت”. به وتهی سەرۆكی لقی گەرمیانی یەكێتیی مامۆستایان،”لە ئیستادا لە گەڵ بەڕێوەبەری كۆمپانیای جێبەجێكاری پڕۆژەكە، لەسەر كۆمەڵێك خاڵی دیكە ڕێككەوتوون كە بە جێبەجێكردنیان ئاستی كاركردن لە پڕۆژە خێراتر دەكات، ئەمە جگە لەوەی هەر بەپێی ڕێككەوتنەكە كۆمپانیاكە بڕیاریدا ئاسانكاری لە قیستەكانی مانگی یەك و دووی ئەمساڵ بكات، بە مەرجێك مامۆستایان پەیوەست بن بە پێدانی قیستی مانگەكانی ساڵی (2020) كە رادەستی بانك نەكراوە، لەگەڵ ئەوەش پێویستە تەواوی قیستی مانگەكانی 2020 بدرێت.”
ئاماژهی بهوهشكرد، “پێویستە لەسەر ئەو بەشداربووانەی كڕین و فرۆشتنیان بە یەكەكانەوە كردووە، سەردانی نووسینگەی گرێبەستی كۆمپانیای (خەیمەت ئەلسەلام) بكەن بە مەبەستی بەناوكردنی یەكەكان، لەگەڵ ئەوەدا كۆمپانیا بەردەوام دەبێت لە كاركردن لە خزمەتگوزارییەكانی كارەبا و ئاو و تەواوكردنی خانووەكان”.
ئهوهشی خستهڕوو، “بە تەواوبوونی پرۆژەی بەهەشتی كەلار، 1600 مامۆستای سنوورەكە دەبنە خاوەنی یەكەی نیشتەجێبوونی خۆیان و لە كرێچێتی ڕزگاریان دەبێت”.