لێكۆڵینەوەیەكی نوێی بەریتانی زانیاری نوێ لەسەر نەوە گۆڕاوەكەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئاشكرا دەكات و تێیدا هاتوە، لەدەستدانی هەستی بۆن و تام لەوانەی توشی دەبن كەمترە.
بەپێی لێكۆڵینەوەكە كە تۆڕی “سكای نیوز”ی بەرتیانی بڵاویكردوەتەوە، ئەوانەی توشی نەوە گۆڕاوە بەریتانیەكەی كۆرۆنا دەبن كەمتر هەستی بۆنكردن و تامكردن لەدەست دەدەن.
رونیشكراوەتەوە، بەڵام توشی نیشانەكانی تری وەك كۆكە و هەوكردنی قوڕگ و ماندوبون و ئازاری جومگەكان و بەرزبونەوەی پلەی گەرما دەبن، جیاوازیەكی ئەوتۆش لە ئاستی تەنگەنەفەسی و سەرئێشە لە نەوە نوێكە و نەوەكانی تر بەدی ناكرێت.
بەپێی هەمان لێكۆڵینەوە، بەڵام ئەوەی جێی نیگەرانییە ئەوەیە كە توشبوانی نەوە نوێكە نیشانەكانیان سەختترە لە نەوەكانی تری ڤایرۆسەكە.
لەماوەی رابردودا سێ نەوەی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەریەكە لە بەریتانیا، باشوری ئەفریقا و بەڕازیل دەركەوتن و بەپێی لێكۆڵینەوەكانیش مەترسیەكەی لەچاو نەوەی یەكەم زۆر زیاتر نییە بەڵام زۆر خێراتر بڵاودەبێتەوە.