رێكخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری لە نەخۆشی “كۆرۆنای درێژخایەن” دەدات و داواش دەكات لێكۆڵینەوەی زیاتر بكرێت و گرنگی بەوانە بدرێت كە بەهۆیەوە توشی نەهامەتی بون.
تیدرۆس ئەدهانۆم گیبریسوس بەڕێوەبەری رێكخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند: لەگەڵ ئەوەی ئێستا گرنگیدانەكان چونەتە سەر كوتان بە ڤاكسینەكان بەڵام پێویستە “كۆرۆنای درێژخایەن” پشتگوێ نەخرێت.
باسی لەوەشكردوە: كاریگەری كۆرۆنای درێژخایەن لەسەر كۆمەڵگە و ئابوریش دەستی پێكردوە، سەرەڕای چڕكردنەوەی لێكۆڵینەوە، بەڵام وەك پێویست نییە.
لەلایەكی ترەوە دكتۆر گایڵ كارسۆن ئەندامی یەكێتی نێودەوڵەتی بۆ پەتاكانی تایبەت بە تەنگەنەفەسی ئاماژەی بەوەداوە: كۆرۆنای درێژخایەن نابێت بە پەتایەك لەسەر پەتایەكی تر، ئەوانەی كە نیشانەكانی كۆرۆنایان بۆ ماوەیەكی درێژخایەن پێوە دەمێنێتەوە دەخرێنە ژێر چاودێریەوە، تەنانەت ئەوانەشی كە بەهۆی توشبونیان بە كۆرۆنا پێویستیان بەوە نەبوە بچنە نەخۆشخانە بەڵام دوای چاكبونەوەیان ژیانیانی گۆڕیوە.
هێمای بۆ ئەوەشكردوە، خەڵك كارەكانیان و پەیوەندیەكانیان لەدەست دەدەن، بۆیە پێویستیەكی زۆر هەیە بۆ تێگەیشتن لە بارودۆخەكە، كۆرۆنای درێژخایەن لای منداڵان كەمتر دەبینرێت لەچاو گەورەكاندا.
ژمارەیەك لەو كەسانەی توشی كۆرۆنا دەبن، سەرەڕای ئەوەی چەندین مانگە پەتاكەیان تێپەڕاندوە بەڵام هێشتا چەندین نیشانەیان پێوەماوە و بەدەستیەوە دەناڵێنن.