رۆژنامەیەكی ئیسرائیلی وردەكاری چۆنێتی كوشتنی موحسین فەخری زادە زانای ئەتۆمی ئێرانی ئاشكرا دەكات و ئاماژەی بەوەداوە: ئەو چەكەی كارەكەی پێ ئەنجامدراوە یەك تۆن بوە و 20 كەس بەشداریان تێدا كردوە.
رۆژنامەی “زە جویش كرۆنیكڵا” لە راپۆرتێكدا بڵاویكردوەتەوە: بەپێی زانیاریە هەواڵگریە بەریتانیەكان ئەو گروپەی بەشدارییان لە كوشتنی فەخری زادە كردوە 20 كەس بون كە ئیسرائیلی و ئێرانی بون، بۆسەیان بۆ فەخری زادە داناوە، ئەوەش دوای ئەوەی بۆ ماوەی 8 مانگ چاودێری كراوە.
رونیشكراوەتەوە: ئەو چەكەی كارەكەی پێ ئەنجام دراوە یەك تۆن بوە و لەلایەن دەزگای هەواڵگری “مۆساد”ی ئیسرائیلیەوە بە چەندین پارچە دزەی پێكراوەتە ناو ئێرانەوە، دواتر هەر لەلایەن مۆسادەوە چەكەكە لەسەر ئۆتۆمبێلێكی بچوكی جۆری “پیك ئەپ” جێگیر كراوە.
بەپێی زانیاریەكانی رۆژنامەكە: ئەو چەكە كە لە دورەوە كۆنترۆڵ كراوە زۆر قورس بوە، چونكە بۆمبێكی پێوە بوە كە دوای تەواوكردنی كاری تیرۆركردنەكە تەقێنراوەتەوە و بەڵگەكانی لەناوبردوە، هێرشەكەش بە تەواوەتی لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجام دراوە و ئەمریكا دەستوەردانی تێدا نەكردوە، بەڵام پێشتر چەند بەرپرسێكی ئەمریكی لەو كارە ئاگادار كراونەتەوە.