زانایان ئاشكرایانكرد: جۆری سێیەمی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە 13 دەوڵەت دەركەوتوە و بوەتە هۆی دروستبونی ترس لای زانایان، چونكە ڤاكسینەكانی ئێستا كاریگەریان نییە لەسەری.
پێگەی “ئۆبزێرڤەر”ی بەریتانی بڵاویكردوەتەوە: دوو جۆری تر لە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە بەریتانیا و باشوری ئەفریقا دۆزرانەوە و گەیشتنە ژمارەیەكی زۆر وڵات، بەگوێرەی وتەی زانایان زۆر بەخێراتر دەگوازرێنەوە بەڵام مەترسیان زیاتر نییە.
ئەوەش هاتوە: ئێستا جۆرێكی تری كۆرۆنا دۆزراوەتەوە كە سێیەم ڤایرۆسی گۆڕاوە و ناوی E484Kە، زانایانی زانكۆی “ئەدەنبرە” لە سكۆتلەندا باسیان لەوەكردوە، ئەم جۆرە نوێیە مەترسیدارترە و دەتوانێت خۆی لەو دژە تەنانە رزگار بكات كە ڤاكسینەكانی ئێستا لە جەستەی مرۆڤدا دروستی دەكەن.
بەپێی زانیارییەكان، تائێستا ئەو جۆرە نوێیە لە 13 دەوڵەت لە 5 كیشوەری جیاواز دۆزراوەتەوە، ئەوەش واتای ئەوەیە پێش ئاشكراكردنی بڵاوبوەتەوە، ئەوانیش “ئەمریكا، كەنەدا، دانیمارك، بەریتانیا، فەرەنسا، بەلجیكا، ئیسپانیا، فنلەندا، نێجیریا، غانا، ئەردەن، ئوسترالیا و سەنگافورە”.