
سەرۆکوەزیرانی عێراق، رایگەیاند کە دەیانەوێت پەیوەندیی و بەرژەوەندییە ھاوبەشەکانیان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بە گێڕانەوەی دەوڵەت بۆ بنەمای دەستوور، بگەیەنینە ئاستی ھاوبەشی نیشتمانی ئەوەیش بە ئامانجی جێبەجێکردنی داواکاریی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان.
مستەفا کازمی سهرۆك وهزیرانی عێراق له چاوپێكهوتنێكدا لهگهڵ رۆژنامەی شەرقولئەوسەت باسی لە پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا کرد و وتی: “لە بەردەوامبوونی گفتوگۆکان لە نێوان شاندی ھەرێم و حکوومەتی فیدڕال، ئامانجمان ئەوەیە بگەین بە رێککەوتنی ھاوبەش و حکوومەتی فیدرال لەرێگەی خستنەڕووی پشنیازەکانییەوە ھەوڵی کۆتایی ھێنان بە ناکۆکییەکانی لەگەڵ ھەرێم داوە، بەڵام بڕیاری کۆتایی لای پهرلهمانه بە تایبەتیش ئەوەی پەیوەستە بە پرسی بوودجەی گشتیی یان پرسەکانی دیکە”.
وتیشی: “ئێمە لەچوارچێوەی دەستووردا، باوەڕمان بە بەڵێن و پابەندبوونەکانمان بۆ چارەسەرکردنی ھەر گرژی و ئاستەنگێک لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ھەرێم، چونکە ئەوە ھۆکاری سەرەکییە لە چارەسەرکردنی پڕۆسەی سیاسی و بەدیھێنانی سەقامگیری و شکستھێنان بە تیرۆریستان و ئەو ھێزانەی کە دەیانەوێت عێراق بکەنە ئامانجی خۆیان”.