بڵێسە جەبار فەرمان
ئەم ناونیشانە ناسنامەی شێوازی جەنگێکی نوێیە، کە تێیدا سنوری نێوان سیاسەت و جەنگ نادیارە ھەروەها جیاوازی لە نێوان شەڕکەر یا جەنگاوەر و ھاوڵاتی سیڤیلدا دیار نییە.لەم جەنگەدا دەوڵەتی نەتەوەیی دەگۆردرێت ودەبێتە دەوڵەتی ململانێی نێوان ھێزەکان و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێش کاتی بوژانەوە یا گەشەکردن.ئەم بابەتە لەوانەیە لەلای زۆرێک لەخەڵک تازەو نەبیستراو بێت بەڵام تازە نیە. ناوھێنانی ئەم جۆرە تازەیەی جەنگ بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٨٠ دابوو لە لایەن ویلیەم لیند(William S. Lind) و كابتن جون إف. شميت ( John F. Schmitt)بووە.لەم جەنگەدا دەوڵەت پەیوەندیان لەگەڵ ھێزی چەکداری فەرمی لەدەست دەدەن و ھێزە چەکدارەکان بێ گەڕانەوە بۆ دەوڵەت لە جەنگی یەکتردا دەبن. واتە سوپای رەسمی دەوڵەت لە ژێر فەرمانی رەسمی دەوڵەتدا نامێنێ.ئەم جۆرە جەنگە لەژینگەیەکدا دەخوڵقێت کە کێشەی دڕێژخایەن و ئاڵۆزی تێدابێت، لایەنە دژبەیەکەکان لە کرداری تێرۆریستی دژ بەیەکتر سڵ نەکەنەوە، نەبوونی ئینتماو پابەندی بۆ دەوڵەت، ھەبوونی چەندەھا نەتەوەو ئاین و مەزهەبی جیاواز لەچوارچێوەی دەوڵەتێکدا، سڵ نەکردنەوە لە تێکدانی کولتوری یەکتری و جێنۆسایدکردنی یەکتری، جۆشدانی رق و کینە لە دژی یەکتری لە ڕێگای بەکارھێنانی ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیا و پڕوپاگەندەی دژ بە یەکتر، ھەروەھا بەکار ھێنانی ھەموو جۆرە ھێزێکی سیاسی و ئابوری و سەربازی دژ بەیەکتری.لەو وڵاتانی ئەم بنەماو خاڵانەی سەرەوەی تێدا بەدی دەکرێت هەڵگیسان و روودانی جەنگی 4GW زۆر ئاسانە.گەر بێت و چاو بە وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دا بخشێنین و بەدواداچونێک بۆ سیاسەتی وڵاتان ئەم ناوچەیە بکەین دوای بەھاری عەرەبی، ئەوا ئەو پرسیارەمان لا دروست دەبێ ئاخۆ ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی لە سیاسەتیان لە بەرقەراری ئارامی لەم ناوچەیە شکستیان ھێناوە؟ ئاخۆ دەبێت دوای ئەو ھەموو ترلیۆن دوڵارەی بۆ لەناو بردنی دیکتاتۆرەکان بەکار ھێنران بەھەدەرچووبن و ئامانجی خۆیان نەپێکابێت. چۆن دەبێ ھێزێکی ھاوپەیمانی بەھێزی پرچەک و پر لە تەکنۆلۆجیای نوێ و بەو گەورەییەوە شکست بھێنێت لە روخانی رژێمی ئەسەدو بونیادنانی حکومەتی دیموکراسی بۆ وڵاتانی تری ناوچەکە؟دوای روخانی دیکتاتۆرەکانی عیراق، مصر، لیبیا و تونس چەندھا حزب و سیاستمەدار ھاتنە سەر کورسی دەسەڵات کە مایل بە سیاسەتی غەرب بوون. ئەی بۆ ئاشتی و ئارامی بەرقەرار نەبووەو جەنگ و ماڵ وێرانی بەردەوامە.ئایا ئەم پاشاگەردانیەی (فوضا) کە ھەیە خوازراوە یا دروست کراوە یا بەبەرنامەیە(فوضى خلاقە).بێگومان لێرەدا مەبەست کەم کردنەوەی ڕۆڵی ئۆپۆزسین و بزوتنەوە بەرگریەکان نیە. ناکرێت ڕۆڵی حزبەکان لە روخاندنی رژێمە دیکتاتوریەکان نادیدە بگیرێت. شاراوە نیە کە میلەتەکانی ئەم ناوچەیە ساڵانێکی زۆری بن دەستی و ئەشکەنجەو دەردەسەری زۆریان بەرێکرد و خەباتێکی زۆریان کرد بۆ ئازاد بونیان. بەڵام شاراوەش نیە کە بەھاری عەرەبی بە ھاوکاری رۆژئاوا ھاتە کایەوە. ھەرئەوان بوون کە بە دروشمی دروست کردنی ڕۆژھەڵاتێکی ناوەراستی نوێ و دیموکراسی خۆپیشاندەرانیان ھان دەدا. ھەروەھا راستەوخۆش لەبۆمباران کردنی سوپای لیبیا بەشداربوون. بەشداریکردنی راستەوخۆی سەربازی ئەمریکاو و ھاوپەیمانیان لەم ناوچەیە بابەتێکی نوێ نیە. لە ساڵی ١٩٩١ ئەمریکا راستەوخۆ بەشدار بوون لە رزگار کردنی کۆیت لە دەستی رژێمی سەدام حسین و تێکدانی بەشی ھەرەزۆری سوپای عیراق. بەڵام پرسیارەکە ئەوە بوو بۆ بەردەوام نەبوو لە روخانی صدام و بۆ لە بەردەرگای بەغدا هێرشەکانیان راوەستان و رێگایان دا لە ۱۹۹۱ تا ساڵی ٢٠٠٣ دیکتاتوریەتی صدام بەردەوام بێت.ئایە ئەمە بریارێکی ھەڵەبوو ئەو کاتی ئەمریکا بوو یاخود دەکرێت خوێندنەوەی تری بۆ بکرێت.دواتر لەشەڕ دژ بە داعش ھەمان سیناریۆ دوبارە بۆوە. ھاوپەیمانیان و ئەمریکا بەژدار بوون لە تێکشکانی دەوڵەتی ئیسلامی، بەڵام لەناویان نەبردن. ئێستاش رێکخراوی داعش لە ئەوروپا چالاکن و لە ھەوڵی خۆکۆکردنەوەن و لە لایەن حکومەتەکانەوە دەستگیرناکرێن بە ناوی مافی ئازادی و نەبوونی بەڵگەی کافی.سیاسەتمەدارانی ئەمریکا لەسەردەمی فەرمان رەوایی جۆن بایدن لەسەر پەرەپێدان بەم سیاسەتە نوێیەی جەنگ نەوەی چوارەم بەردەوام دەبن.ئەم سیاسەتە کار لەسەر شکست ھێنانی لەسەرخۆی سیاسەتی دەوڵەتەکان دەکات و نائارامی و دژایەتی لە نێوان نەتەوەو تایەفەکان بەشێکی گرنگی پەیڕەوکردنی ئەم جەنگەیە.بەم شێوەیەش سەپاندنی واقعێکی نوێ بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی خۆیان.بەم شێوەیە ھەمیشە لایەنەکان و نەتەوەو و مەزهەبێک ھەیە کە بۆ مانەوەی خۆی دەبێتە پارێزەری بەرژەوەندیەکانی وڵاتە زلھێزەکان.بەتاڵان بردنی سەروەت و سامانی ئەو وڵاتانە بە شێوەیەکی بەردەوام و درێژخایەن بۆ خۆیان مسۆگەر دەکەن.دوای خاپورکردن و لەناوبردنی ژێرخانی ئابوری لە رووی ەێگاوبن و ئاو و ئاوەرۆو کارەبا و پرد دێن و بە گرێبەستی زەبەلاح سەرلەنوێ ھەمووی بە شێوەیەکی کاتی دروست دەکەنەوە.لە ھەمووی کارەساتتر کار کردنە لەسەر شێواندنی تاکی کۆمەڵگا و نەھێشتنی بڕوا بە خۆبوون و ئنتمای نیشتمانی. پشتگوێخستنی پەروەردە و بێبەهاکردنی بڕوانامە.ھەموو ئەمانە سیماو رووی جەنگی نەوەی چوارەمن کە لەم ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەراستەدا پەیرەو دەکرێت.لەم حالەتەدا دوژمن نادیارە و ھاوڵاتی دەبێتە مرتەزەقە.ماكس مانوارينج یەکێک لە راوێژکارەکانی سوپای ئەمریکایە لە یەکێک وتەکانیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردوە کە ئامانجیان تێکدانی ھێزی سوپایی ھیچ وڵاتێک نیە، بەڵام ئامانجیانە کە ھێزەکە شەکەت بکەن و بە ھێواشی لەناوی ببەن. ئامانجمانە کە دوژمن ناچاربکەین سەردانەوێنێ بۆ خواستەکانمان. لە رێگای ھاوڵاتیانیانەوە ئەتوانین ئەم خواستەمان جێبەجێ بکەین و ئەمە دەبێتە شیوازی نۆێ لە ئیستعمار.ئەم سیاسەتە لە عیراق بە روونی بەدی دەکرێت.کاتێ باسی ئەم جۆرە شەڕە دەکەین دەزانین لە مێژووی دورو نزیکدا چەندان جۆری شەڕ هەن. ئەم ناوچەیەش لەبەر ئەوەی بەدرێژایی مێژوو ساحەی جەنگ و ململانێی هێزە نزیک و دوورو ناوخۆیەکان بوە. هەموو جۆرە شەڕێکی بەخۆیەوە دیوە.لێرەدا زۆر بەکورتی ئاماژەیەکیان پێ بدرێت بۆ روونکردنەوە بە گرنگ دەزانمشێوازەکانی پێناسەی جەنگ -جەنگی نێوان دوو وڵاتی دژ بە یەک و دوو ھێزی چەکداری سەر بە دەوڵەت وەکو جەنگی ئێران و عیراق لەساڵەکانی ھەشتاکان (Conventional War).-جەنگی شۆڕشی لایەنێک دژ بە حوکمداری لایەنێک وەکو شۆڕشی کورد دژ بە ڕژێمی بەعس( Guerilla War).-جەنگی بەکارھێنانی ھێزی چەند وڵاتێک بەرانبەر بە وڵاتێک بۆ ھاتنە ژێربار و تەسلیم بوونی وەکو جەنگی کەنداو دژ بە عیراق ( Preventive War).-جەنگ بەرانبەر چەند لایەنێکی نەناسراو و شاراوە وەکو روداوەکانی دوای ١١ سبتمبر کە تێیدا ئەمریکا بەرانبەر چەندەھا گروپ و رێکخراو لە جەنگ دابوو. ئامانجی ئەم گروپانە جیاواز و نادیارن( Asymmetric War).دواجارو بۆ روون بونەوە،نەوەی چوارەم لە جەنگ (4GW) لە ئێستای بارودۆخی عیراق ئەو بنەمایانەی شەڕ بەدی دەکرێت.جۆرێکی تری شەڕ لە عیراق بەردەوامە، کە زۆربەی خەڵک توشی سەدمە بونەو نازانن چیەو چۆنە. عیراق لە مێژوی خۆیدا گۆڕەپانی شەڕ بوە. تاوان و قەساوەتی زۆر دژی مرۆڤایەتی کراوە. بە حوکمی سیاسەتی دەوڵەتە گەورەکانی دونیا بێت و مەلامحی ئەو جۆرە جەنگە بێت کە باسم کرد عیراق کەوتۆتە ناو ئەو بارو زروفەوە، چونکە ژینگەکەی رەخساوەو بە سیاسەت و بەرنامە کار بۆ گەیاندنی وڵاتەکە بەو بارودۆخە کراوە.رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەناوی دیموکراسی و مەدەنیەتەوە پڕ کراوە لە کێشەو ململانێی نا دیموکراسی و نامەدەنی بەتایبەت عیراقیش پڕ کراوە لە رق بەرامبەر بە کەلتورو ژیان لەبەر ئەوە زەمینەی بەردەوامی داهێنانی شەڕی تازەی هەیە. جار هەبوە عیراق داگیرکراوە جا هەبوە عیراق داگیرکەر بوە.جاریش هەبوە شەریکی شەڕ بوە. ئیستاش کە سنوری نێوان سیاسەت و جەنگ خەریکە نامێنێ جیاوازی لە بەینی کەسێکی جەنگاوەرو هاوڵاتیەکا دیار نییە. کێشەکانی سەد ساڵ پێش ئیستا تا ئێستا بەردەوامە و حەل نەکراوە. تیرۆری شاراوەو ئاشکرا بەردەوامە، پابەندی بە قانون و دەستور کەمەو میزاح تەحەکوم ئەکات تائفیەت زۆر زیاترە لە رابردوو. ئەمانە سیماو ئەدگاری نەوەی چوارەم لە جەنگ (4GW)ە