ئەنجومەنی باڵای زەردەشتیان راگەیەندراوێکی لەبارەی وتەکانی پیرلوقمان بڵاوکردەوە و دەڵێت، پیرلوقمان هیچ پەیوەندییەکی بە پرۆسەی زەردەشتیانەوە نەماوەو بەهۆکاری هەندێک هەڵوێستی ناڕەوا کە لەگەڵ بنەمای دینەکەیاندا ناگونجێت، دورخراوەتەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “کەسێک بەناوی لوقمان حاجی کەریم چەندەمینجارە بەناوی زەردەشتیانەوە بەناڕەوا هێرشدەکاتەسەر لایەن و کەسایەتییەکان، ئێمەی زەردەشتی دژی ئەو جۆرە هەڵسوکەوتە نەشیاوەین، چونکە یەکێک لەفەلسەفە سەرەکییەکانی دینی (مەز یەسنا) زەردەشتی یەکترقبوڵکردن و پێکەوەژیانە.
دووپاتیشیان کردووەتەوە، ناوبراو هیچ پەیوەندییەکی بە زەردەشتیانەوە نەماوە و دورخراوەتەوە، “لەبەر هەندێک هەڵوێستی ناڕەوای کە لەگەڵ ئەندێشە، گفت و کرداری چاکدا ناگونجێت”.
ئەنجومەنی باڵای زەردەشتیانی کوردستان راشیگەیاندووە، رێگە بەهیچ کەسێک نادەن بەناوی زەردەشتیانەوە، گێرەشێوێنی بنێتەوە و ئاشتی و تەبایی نێوان پێکهاتە ئاینی و نەتەوەییەکان بشێوێنێت.
پیر لوقمان، بەوتەی خۆی، رێبهری ئاینی زهردهشتیان لهههرێمی كوردستان لە ڤیدیۆیەکدا کە چەند رۆژێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە و دیارنیە مێژوەکەی بۆ کەی دەگەڕێتەوە، دەڵێت، “زۆر دەمێکە کوردان وەک جەژنی نەتەوەیی ئاگری نەورۆز دەکەنەوە، تاوەکو دوای ئەوەی ئایینی رەشی ئیسلام هاتووە و بتپەرستیان بڵاوکردوەتەوە و ئەم رۆژی جەژنەیان قەدەغەکرد و ناشیرینیان کرد، یەکێک لە سەرکردە خیانەتکارەکانی کورد سەڵاحەدینی ئەیوبیە”.