
دوای هەفتەیەک لە گیرخواردنی کەشتیی ئێڤەر گیڤن لە نۆکەندی سوێس، بەرەبەیانی ئەمڕۆ خرایەوە سەر رێڕەوی خۆی و سەر ئاو خرایەوە.
کۆمپانیای ئینچ کەیپ بۆ خزمەتگوزاری بارکردنی دەریایی لە تویتەر رایگەیاند: “کاژێر 04:30 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە توانراوە بە سەرکەوتوویی کەشتیی ئێڤەرگیڤن سەر ئاو بخرێتەوە و ئێستا کەشتییەکە سەلامەتە”. کۆمپانیای ئینچ کەیپ رایگەیاند، دواتر زانیاریی زیاتریش لەبارەی هەنگاوەکانی داهاتوو ئاشکرا دەکەن. کەشتی ئێڤەر گیڤن 400 مەتر درێژە و 59 مەتریش پانە. گیرخواردنی لە نۆکەندی سوێس زیانی رۆژانە 9 ملیار دۆلاری هەبوو، ماوەی 6 رۆژیش بوو بەچڕی هەوڵدەدرا بۆ رزگارکردنی کەشتییەکە کە بە تەواوی نۆکەندەکەی داخستبوو و رێگەشی لە دەربازبوونی زیاتر لە 350 کەشتی لە نۆکەندی سوێس گرتبوو. رۆژی سێشەممە 23-03-2021، کەشتییەک کە ئاڵای پەنەمای لەسەر بوو لە نۆکەندی سوێس گیری خوارد و بزوێنەرەکەی لەکارکەوت. ژاپۆن خاوەنی کەشتییەکەیە و لە ساڵی 2018ـش کۆمپانیای گواستنەوەی “ئێڤە گرین”ی تایوانی خستییە بواری خزمەتکردنەوە. هەفتەی رابردوو کەشتیی “ئێڤەر گرین” بەتەواوی گەرووی نۆکەندی سوێسی داخست و جووڵەی گواستنەوەی لە نۆکەندەکە وەستاند، بەهۆیەوە 12٪ی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە جیهاندا پەکی کەوت کە رۆژانە 50 کەشتی لەنێوان ئاسیا و ئەوروپا لەو رێگەیەوە هاتووچۆ دەکەن.