بــژار حـەکیم
بۆ ئەوەی بتەوێ سیاسەتێکی باش بکەیت، دەبێ بەتەنیشت سیاسەتەوە میدیایەکی باشیشت ھەبێ، زۆر جار بەھۆی نەبوونی میدیایەکی باش، ئەوەی دەیکەیت ناگاتە شوێنی خۆی. میدیا دەستەڵاتی چوارەمە، بۆیە رۆڵ و بایەخی خۆی ھەیە، فەرامۆشکردنی ئەم دەستەڵاتەش، دەبێتە ھۆکاری زیانی زۆر و گەورە، چونکە میدیا دەتوانێ بەرژەوەندییە باڵاو ستراتیژییەتەکان بپارێزێت.
لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە، کورد بەھێزێکی زۆرەو چووە بەغدا، تەنانەت کورد بووە ھۆکاری بونیادنانەوەی عێراق، بەڵام یەکێک لە گرفتەکان ئەوەبوو، کورد میدیایەکی باشی نەبوو کە لەم رێگەیەدا پەیام و بەرنامەی کورد بە زمانی عەرەبی بگەیێنێتە شەقامی عێراقی. یەکێک لە کێشە گەورەکانی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە، کە ناتوانێت بۆچوون و پەیامە سیاسییەکانی، بگەیێنێتە شەقامی عێراقی. راستە پارتی و یەکێتی دوو رۆژنامەی زمانحاڵی حیزبییان ھەبوو بە زمانی عەرەبی، بەڵام لەوێوە پەیامی کورد نەگەیشت، تەنیا مامەڵەیان لەگەڵ رووداوەکانی عێراق دەکرد و پەیامی سیاسییی کوردستانیان پشتگوێخست.! تائێستا حکومەتی ھەرێمی کوردستان و پارتە سیاسییەکان، ھەر لەچوارچێوەی میدیای کوردیدا دەخولێنەوەو بە عەرەبی پەیامەکەیان ناگاتە شەقامی عێراقی، کەواتە لە جەرگەی بەغداوە پێویستە میدیایەکی باشت ھەبێ و پەیامت روون بگات.