بەڕێوەبەری ئامار لە خانەنشینیی ھەرێمی كوردستان دەڵێت، چاكسازیی خانەنشینیی پلەباڵاكان بەردەوامە و ئێستا گەیشتوونەتە چاكسازیی لیستی ناوی ڕاوێژكاران و ھەرچینێك تەواو دەكەن بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی بەرز دەكەنەوە و ئەوان بڕیاری لێ دەدەن.
سەباح موخلیس، بەڕێوەبەری ئامار لە خانەنشینیی ھەرێمی كوردستان، بە میدیای فەرمی پارتی راگەیاندووە: ”چاكسازیی خانەنشینیی پلەباڵاكان بەردەوامە و ئێستا بەڕێوەبەرە گشتییەكان تەواو بوون كە نزیكەی 750 كەس بوون و ناوەكان بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەرز دەكەینەوە و بۆیان ڕوون دەكەینەوە چەندیان نایاسایین و ئەوان بڕیاریان لێ دەدەن.”
وتیشی: “دەست بە چاكسازیی خانەنشینیی ڕاوێژكاران دەكەین، چونكە تا ئێستا سێ چینمان تەواو كردووە، ئەویش دادوەران و بەڕێوەبەرانی گشتی و شارەزاكانن و ئێستاش لە قۆناغی چاكسازیی ڕاوێژكارانداین.”
باسی لەوەش كرد: “دوای ئەوە دەست بە چاكسازیی ناوی بریكاری وەزیر و وەزیرەكان و ئەندامانی پەرلەمان و جێگری سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی پەرلەمان و هەموو پلەباڵاكان دەكەین.”
وتیشی: “ئەوەی بەرێوەبەرە گشتییەكان كاتی خۆی 80% مووچەیان وەردەگرت، ئێستا دوای هەمواركردنەوە 60%ی مووچەیان پێ دەدرێت.”
جەختیشی كردەوە: “چاكسازیی لیستی ناوی پلەباڵاكان بەردەوام دەبێت تا چاكسازی بۆ هەموویان دەكرێت.”