ئەیهان سەعید نوێنەری كەسوكاری زیندانیانی بادینان دەڵێت: زیندانیانی بادینان شەڕی دەرونیان لەگەڵدا دەكرێت و بارودۆخیان باش نییە.
ئەیهان سەعید لە راگەیەندراوێكدا كە ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەكانی كردوە ئاماژەی بەوەداوە: زیندانیانی بادینان خواردنیان كەم و خراپە و كێشیان زۆر زۆر دابەزیوە، پێداویستی سەرەتاییان پێ نادەن و تەنانەت كتێب، پێنوس و وەرەقەشیان لێ قەدەغەكردون.
ئاماژەی بەوەشداوە: شەڕی دەرونی لەگەڵ زیندانیان دەكرێت رێگەنادرێت هەفتەی جارێك پەیوەندی بە كەسوكاریانەوە بكەن، بەمەش دەرونی زیندانیان باش نیە كە مافی هەموو حوكمدراوێكە ئازادانە قسە لەگەل خێزانیان بكەن.
نوێنەری ئەو زیندانیانە باسی لەوەشكردوە: ژورێكی چەند مەتری كە بەپیێ ستاندارد بۆ 30 كەس دروستكراوە 135 كەس تێدایە و شوێنیان زۆر خراپە و زۆر تەسك و ناخوشە، لەبەر پیسی و خراپی شوێنیان زیندانیەكان توشی نەخوشی پێست بون، دەرمانی پێویستیان پێ نادرێت كە ئەمە دژی مافی مرۆڤە و ئێستا مەترسی توشبونی كۆرۆنا و نەخوشی دیكەیان هەیە.
ئەوەشی ئاشكرا كردوە: دوای سزادانیان بە پێ یاسا دەبێت بگوازرێنەوە چاكسازی گەوران، بەڵام هەر لە زیندانی ئاسایشی گشتی ماون ، وەكو كەسوكاریان بێدەنگ نابین لەسەر ئەم ناعەدالەتیەی دەكرێت هەر لە ڕفاندنیان تا سزادانیان.
هێمای بۆ ئەوەشكردوە: داواكارین دادگای پێداچونەوە بڕیارێكی دادپەروەرانە بدات و ئەم رۆژنامەنوس و چالاكوانە بێ تاوانانە ئازاد بكات، پێویستە پارتیش ئەگەر خۆی بە حوكمران دەزانێت واز لەم ڕق و تەحەدایە بەرامبەر چەند كەسێكی مەدەنی بهێنێت كە لەسەر ڕەخنەو بیروڕای جیاواز بە ناحەق سزادراون، تا چیتر ناوبانگی خۆی و هەرێمەكەمان لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی ناشرینتر نەكات، بەپێچەوانەوە ئێمە سەری خۆمان لەسەر ئەم كەیسە دائەنێین.