حکوومەتی عێراق بە ئامانجی چارەسەرکردنی قەیرانی کەم ئاوی، بڕیاردا بە بنیاتنانی بەنداوێکی نوێ لە سنووری خۆی لەگەڵ تورکیا و سووریا.
وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە بڕیاردراوە بە بنیاتنانی بەنداوێکی نوێ لەسەر رووباری دیجلە لە باکووری بەنداوی مووسڵ لە ناوچەیەکی نزیک لە سنووری لەگەڵ تورکیا و سووریا و ھاتووە: “بنیاتنانی بەنداوە نوێیەکە، ھاوکاتە لەگەڵ ئەو پلانەی کە وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو بە ئامانجی چارەسەرکردنی قەیرانی کەم ئاوی دایناوە”.
بەپێی راگەیەنراوەکە، وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو ھەوڵەکانی بەچڕی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی بنیاتنانی بەنداوە نوێیەکە خستووەتەگەڕ بۆ ئەو مەبەستەیش گفتوگۆکانی لەگەڵ ژمارەیەک کۆمپانیانی جیھانیی دەستپێکردووە و ئاماژە بەوەیشدراوە کە وادەیەکی دیاریکراوی بۆ کۆتایھێنان بە ھەنگاوەکانی ھونەری بەرلە دەستکردن بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دانراوە بۆ ئەوەی بەخێرایی دەست بەجێبەجێکردنی بنیاتنانی بەنداوەکە بکرێت.
لە عێراق، 19 بەنداو ھەن کە زۆربەیان لەسەر رووبارەکانی دیجلە و فورات بنیاتنراون.