بینیوتانە کە دەڕشێنەوە چ تامێکى تیژ و ناخۆش لەنێو دەمتان دروست دەبێ؟!
ئەوە بەهۆى گەیشتنى ترشیی گەدەیە بۆ نێو دەم. ئەو ماددەیە ئەوەندە بەهێزە، تەنیا گەدە بەرگەى دەگرێ. کاتێک سەرى گەدە، کە لە حاڵەتى ئاساییدا بەتەواوى داخراوە و تەنیا بە هێزى پارووە خواردن و قومە ئاو دەکرێتەوە، بە هەر هۆیەک بێ شل دەبێتەوە، ئەو ترشییەى نێو گەدە دەربازى بۆڕیی خواردن (سوورێنچک) دەبێت. نیشانەى ئەو حاڵەتە ئەوەیە کە کەسەکە هەست بە پڕی و سووتانەوە دەکات لەسەر گەدە. هەندێ جاریش بە شێوەی جیا دەردەکەوێت، وەک زیاد بوونى لیک. زۆربەمان تووشی حاڵەتى وا بووینە کە لە خەو هەڵساوین بینیومانە سەر سەرینەکانمان لیکاوى کردووە، بێ ئهوهی بزانین ئەمە بەهۆى گەڕِانەوەى ترشیی گەدەیە بۆ نێو سوورێنچک!
جا کاتێک ئەم هەڵگەڕانەوەى ترشییە زۆر درێژە دەکێشێ، رووپۆشی نێوەوەى سوورێنچک دەگۆڕێ بۆ جۆرێکى تر لە شانە کە بەرگەى ئەو ترشییە بگرێ. ئەم حاڵەتە دەبێتە هۆى کەم بوونەوەى ئازار، بەڵام دەبێتە هۆى زیاد بوونى ئەگەرى تووش بوون بە شێرپەنجەى سوورێنچک 50-100 ئەوەندەى جاران!
جا لەبەر ئەوەى ئەم حاڵەتە ئەوەندە باوە کە 20%ی خەڵکى گیرۆدەین و ئەوەندەش مەترسی لەسەر تەندروستى دروست دەکات، دەبێت خەمى لێ بخورێت. ئەمەش بە گۆڕینى شێوازى ژیان و خواردن دەبێ نەک داو و دەرمان کە زۆرتر نیشانەکانى ناهێڵن، نەک ئەوەى رێگریی لێبکەن یان بە یەكجاری چارهی بکهن.
گرینگترین ئەو گۆڕانانەى پێویستە لە شێوازى ژیاندا بکرێن بریتین لە:
1. کێش دابەزاندن: قەڵەوى دەبێتە هۆى زیاد کردنى فشارى نێو سک و گوشینى گەدە، گەدەش ناچار بەدواى هەر دەرچەیەکدا دەگەڕێ تا ئەوەى تێیدایە هەڵیداتە دەرێ. بۆیە دەبێ ئەو کەسانەى کێشیان زۆرە، کەمى بکەنەوە.
2. خواردنى چەور و سوور کراوە: هەرسیان کاتى دەوێ و زیاتر دەمێننەوە لە گەدەدا، بۆیە دەبێ کەمبکرێنەوە.
3. کاربۆهیدرات: وەک نان و شەکر و … هتد، دەبێ کەم بخورێن.
4. ئاو: تا دەکرێ زۆر بخورێتەوە، تا دەگاتە رۆژیی 4 لیتر، واتە 16 پەرداخ.
5. ژەمى گەورە: زۆر خواردن گەدە پڕ دەکات و وا دەکات “لێی بڕژێ”.
6. نەخەوتن و پاڵ نەکەوتن دواى نان خواردن: گەدە پێویستیى بە نزیکەى 4 کاژێر هەیە بۆ بەتاڵ بوونەوە لە خواردن. بۆیە ئەگەر بکرێ، لەو ماوەیەدا پاڵ نەدرێتەوە، یان هەر هیچ نەبێ 2-3 کاژێرێک چاوەڕێ بکرێ تا بەشێکى زۆری شۆڕ دەبێتەوە. ئینجا لە کاتى خەوتندا لاى سەرەوەى لەش هەمووى بەرز بکرێتەوە نەک هەر سەر، چونکە ئەگەر هەر سەرینى بەرز دابنرێ، فشارى سەر گەدە زیاتر دەکرێ.
7. چا و زیاتریش قاوە: سەرى گەدە شل دەکەنەوە، بۆیە دەبێ کەم بخورێنەوە یان هەر هیچ نەبێ دوو کاژێرێک دواى خواردن بخورێنەوە، تا گەدە کەمێک بەتاڵ ببێتەوە، ئەمە یەکێکە لە نهێنییەکانی ئەوەى دەوترێ “باش نییە دواى نان خواردن، یەکسەر چا بخورێتەوە”. خواردنەوە گازییەکانیش هەمان کاریگەرییان لەسەر گەدە هەیە.
8. لەبەر نەکردنى پۆشاکى تەسک: چونکە ئەو پۆشانە سک دەگوشن و فشارى سەر گەدە زیاد دەکەن.
9. میوە مزرەکان، چوکولاتە، پونگە (نەعناع)، پیاز، مەعجوونى تەماتە و (کێچاپ) لەو خواردنانەن کە سەرى گەدە شل دەکەنەوە، بۆیە دەبێ کەم بخورێن.
10. بنێشت: دەبێتە هۆى زیاد بوونى لیک و بەمەش داشۆرینی ئەو ترشییه لەنێو سوورێنچک، بۆیە جوینى دڵەکزێ کەم دەکاتەوە، بە مەرجێک ئەوانە نەبن کە پونگەیان تێدایە.
11. جگهره: زۆر کارایه له شل کردنهوهی سهری گهده، بۆیه نابێ بکێشرێت.