نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمى كوردستان بڵاویكرده‌وه، باڵیۆزی ئه‌مریكا له عێراق پشتیوانی وڵاته‌كه‌ی بۆ به‌رده‌وامی گفتوگۆ و دانوستان له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا دووپاتكردوه‌ته‌وه.
نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی قوباد تاڵه‌بانى جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاند، له‌دیدارێكدا له‌نێوان قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم و ماسی‌و توله‌ر باڵیۆزی ئه‌مریكا له عێراق، باڵیۆزی ئه‌مریكا پشتیوانی وڵاته‌كه‌ی بۆ به‌رده‌وامی گفتوگۆ و دانوستان له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا دوپاتكردوه‌ته‌وه به‌مه‌به‌ستی گه‌یشتن به رێككه‌وتن له‌سه‌ر پرسه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی دیكه، پاش په‌سه‌ندكردنی یاسای بودجه‌ی فیدڕاڵی به رێككه‌وتنی نێوان هه‌ردولا.
به‌پێى راگه‌یاندراوه‌كه له‌دیداره‌كه‌دا، هه‌ردوولا دیالۆگی ستراتیژیی ئه‌مه‌ریكا و عێراقیان تاوتوێكرد و هاوڕابون له‌سه‌ر درێژه‌دان به دیالۆگی ستراتیژیی و جه‌ختیان له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردو وڵات له په‌یوه‌ندییه‌كی گشتگیر و هاوسه‌نگ له سه‌رجه‌م بواره‌كانی ئه‌منی و سه‌ربازی و كلتوری و ئه‌كادیمی و ڕ‌ۆشنبیرى كرده‌وه.
ئه‌وه‌ش هاتوه، له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا تیشكیان خستوه‌ته سه‌ر گرنگی به‌شداریكردنی نوێنه‌رایه‌تی هه‌رێمی كوردستان له دیالۆگى عێراق و ئه‌مریكا، وه‌ك هه‌رێمێكی ده‌ستوری له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی فیدڕاڵی عێراق، و شانده‌كه‌ى ئه‌مریكا ستایشی ڕۆڵی قوباد تاڵه‌بانی و حكومه‌تی هه‌رێمیان كرد به‌رامبه‌ر پشودرێژییان له دانوستانه‌كانی به‌غدا و داوایانكرد به‌هه‌مان میكانیزم و به‌رێگای دیالۆگ هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی سه‌رجه‌م كێشه‌كانی دیكه بدرێت.