مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ڕەوشی كۆرۆنا لە عێراق مەترسیدارە و سوورن لەسەر دابینكردنی ڤاكسین بۆ هەموو كەس، وەزارەتی تەندروستییش ڕایدەگەیەنێت، ژمارەی ئەو كەسانەی بە قورسی توشی كۆرۆنا دەبن، لە نەخۆشخانەكان ڕووی لە بەرزبوونەوە كردووە.
مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، سەرپەرشتی كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا كرد و ڕایگەیاند، بەهۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی ئامارەكانی تووشبوون، ڕەوشی تەندروستیی لە عێراق خراپە و كۆرۆنا هەڕەشەیە لەسەر عێراق و جیهان.
ڕاشیگەیاند، ڕێژەی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە بەرزبوونەوەی بەردەوامدایە و حكومەت سوورە لەسەر دابینكردنی ڤاكسین، داواشی لە هاوڵاتیان كرد خۆیان بە ڤاكسینی كۆرۆنا بكوتن.
لەلایەكی ترەوە وەزارەتی تەندروستیی عێراق ڕایگەیاند، ژمارەی ئەو كەسانەی بە قورسی تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەبن و تەندروستیان ناجێگیرە، لە نەخۆشخانەكان بەرزبوونەوەی بەرچاوی تۆماركردووە، وەزارەتی تەندروستی، داواشی لە هاوڵاتیان كردووە لە مانگی ڕەمەزاندا دووربكەونەوە لە دەعوەت و بە زووترین كاتیش ڤاكسین وەربگرن.