عارف قوربانی
سلێمانی ده‌بێت حوكم بكات، نه‌ك حوكم بكرێت
سلێمانی وه‌ك شارێكی ئاسایی قۆناخه‌كانی گه‌شه‌كردن و خۆبه‌ڕێوه‌بردنی نه‌بڕیوه، هه‌ر له بناخه‌ی به شار بوونییه‌وه بابانییه‌كان وه‌ك ناوه‌ندێك بۆ حوكمڕانی و به‌ڕێوه‌بردنی چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دیکە دایانمهزراندووە. ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه وایكردووه سلێمانی خه‌سڵه‌تی ئه‌وه وه‌رگرێت كه ده‌بێت حوكم بكات، نه‌ك حوكم بكرێت. به‌درێژایی مێژووی ته‌مه‌نیشی ئەگه‌ر خۆی ناوه‌ندی حوكمڕانی نه‌بووبێت، به ئاسانی نه‌تواندراوه حوكم بكرێت.
دوای نه‌مانی میرنشینی بابان، له سه‌روبه‌ندی كۆتایی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی و داگیركاریی ئینگلیزیش، به‌هۆی به‌رپاكردنی شۆڕشه‌كه‌ی شێخ مه‌حموود و دامه‌زراندنی حوكمڕانییه‌كه‌ی له سلێمانی، ئەمیش قۆناخ و به‌رگێكی نوێی به سلێمانی به‌خشی، جیاواز له هه‌موو پارێزگاكانی دیکەی ناو هه‌ر سێ ویلایه‌ته‌كانی به‌غدا و به‌سره و موسڵ، سلێمانی به‌جیا حوكمی خۆی كرد و ده‌سه‌ڵاتی چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دیکەیشی كه‌وته ده‌ست. واتا ئەم قۆناخه‌ش هه‌ر ئاوی كرده ئاشی به‌هێزبوونی ئەو پێگه و خه‌سڵه‌ته تایبه‌ته‌ی سلێمانییه‌وه. بۆیه له‌وه‌و به‌دوا تاوەکو دروستبوونی یه‌كه‌م ئه‌زموونی حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، له‌و ماوه دوورودرێژه‌دا سلێمانی رووحی یاخیگه‌رێتی به‌رده‌وام بووه و سه‌رچاوه‌ی كێشه بووه بۆ حوكمڕانانی عێراق و به ئاسانی نه‌یانتوانیوه هه‌ژموونی ناوه‌ند (به‌غدا)ـی به‌سه‌ردا بسه‌پێنن.
له‌دوای راپه‌ڕین و بناخه‌ی یه‌كه‌م حوكمڕانیی كوردی له 1992 بۆ 1994 كه شه‌ڕی ناوخۆ هه‌ڵگیرسا، ئەو دوو ساڵه‌ش ئەوهنده زۆر نییه تاوەکو بكرێته پێوه‌ر بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی ئەوه‌ی ئایا ئەگه‌ر ئەو دۆخه درێژه‌ی بكێشابایە تاوەکو كوێ سلێمانی له‌گه‌ڵ هه‌ولێر بڕی ده‌كرد؟ به‌دوور نازاندرێت ئەگه‌ر شه‌ڕی ناوخۆش سهریههڵنهدایا، ئەگهری ئەوه هه‌بوو ورده ورده ئەو رووحیه‌ته په‌ره‌ی بسهندایە كه سلێمانی به‌دوای میكانیزمێكدا بگهڕایا بۆ جۆرێك له خۆبه‌ڕێوه‌بردن، به‌ڵام شه‌ڕی ناوخۆش ئەو خزمه‌ته‌ی به سلێمانی كرد، كردییه‌وه به ناوه‌ندی حوكمڕانی بۆ خۆی و حوكمكردنی سنووری چه‌ند پارێزگایه‌كی دیکەیش.
له‌وكاته‌شه‌وه كه دوو حكومه‌ته‌كه‌ی هه‌ولێر و سلێمانی یه‌كیان گرتووەته‌وه)، تاوەکو بڕینی به‌شه بودجه‌ی هه‌رێمی کوردستان له به‌غدا، سلێمانی دارایی و ئاسایش و پێشمه‌رگه‌ی خۆی جیا بووه له هه‌ولێر. به ئێستاشه‌وه هه‌ردوو زۆنه‌كه وه‌ك جۆرێك له دوو ناوچه‌ی پاوانكراوی حیزبی، خۆیان حوكمی خۆیان ده‌كه‌ن. حكومه‌تی یه‌كگرتوی كوردستان نه‌ك دروست نه‌بووه‌ته‌وه، به‌ڵكو هێشتا هه‌ر دروست نه‌بووه، له بنه‌ڕه‌ته‌وه ئەوه‌ی هه‌مانه حوكمی زۆنی سلێمانی لای یه‌كێتی بووه و زۆنی هه‌ولێریش لای پارتی. هه‌ردوولاش ئەم راستییه ده‌زانن كه كه‌سیان ناتوانن ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر ناوچه و جێنفوزی ئەوی دیکەیاندا بسه‌پێنن. گه‌رچی ئەمه پێچه‌وانه‌ی هه‌موو یاسا و رێسایه‌كه، به‌ڵام واقیعێكه له‌به‌ر زۆر هۆكار شه‌رعیه‌تی خۆی به‌سه‌ر پره‌نسیپی ئیداریی و یاسا‌و ده‌ستووردا سه‌پاندووه و پێناچێت تاوەکو ساڵانێكی دواتریش له‌م واقیعه تاڵه رزگارمان ببێت. هه‌ر هه‌وڵێكیش به‌و ئاقاره درابێت كه پێویسته تارمایی ئه‌و دوو جۆره له ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر ئیداره و دامه‌زراوه شه‌رعییه‌كانه‌وه كه‌م بكرێته‌وه، نه‌ك سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه، به‌ڵكو ئەو تهنگەژه سیاسییانه‌ی به‌دوای خۆیدا هێناوێتی ئه‌وه‌ی لێكه‌وتووەته‌وه كه ره‌نگی دوو ئیداره‌یی زیاتر زاڵ ببێته‌وه. بۆیه وه‌ك حاڵه‌تی ناچاری به‌قه‌ده‌ری ئەو په‌نده كوردییه سپێردراوه كه (چاكی مه‌كه، با خراپتر نه‌بێت).
دیاره ئێستا له ئەنجامی زه‌قبوونه‌وه‌ی دوو ئاراسته‌ی پێچه‌وانه‌ی یه‌كدی، یان دوو بۆچوونی دژ به‌یه‌ك بۆ چۆنییەتی تێپه‌ڕاندنی ئه‌و كێشه و قه‌یرانانه‌ی هه‌ن، له‌گه‌ڵ جۆرێك له بێمنه‌تی هه‌ولێر به‌رانبه‌ر به سلێمانی و په‌یڕه‌وكردنی سیاسه‌تی په‌راوێزخستنی، سلێمانی ناچاركردووه به‌دوای شێواز و جۆرێكی دیکەی حوكمڕانی بگه‌ڕێت كه پێی وایه ریشه‌ی چاره‌سه‌ره‌كه ئەوه‌یه (سلێمانی ببێته هه‌رێمی سه‌ربه‌خۆ). به‌ڵام ئایا سلێمانی ده‌توانێت ببێتە هه‌رێمی سه‌ربه‌خۆ؟
له یه‌ك بۆ دوو ساڵی رابردوودا له هه‌ندێ ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵاته‌وه كۆمه‌ك به‌و ئاراسته‌یه كرا له سلێمانی لیژنه پێكهێندرا، میدیا خرایه خزمه‌تی ئه‌و پرۆژه‌یه‌وه، زه‌مینه‌ی سیاسی و جه‌ماوه‌ری بۆ خۆشكرا، رێكاره ئیدارییه‌كانی بۆ گیرایه‌به‌ر و ئه‌وه‌ی پێویست بوو تاوەکو كۆكردنه‌وه‌ی واژۆ بۆ ته‌سلیمكردنی به به‌غدا هه‌مووی كرا. به‌ڵام ئەنجام چی بوو؟ ئایا به‌غدا ده‌توانێت چی بكات بۆ ئه‌وه‌ی سلێمانی ببێته هه‌رێمی دووه‌م، یان ئەسڵهن به‌غدا باوه‌ڕی به‌وه هه‌یه له عێراق په‌ره به دروستكردنی هه‌رێمی دیکە بدات؟ ئایا ئەم مافه ده‌سه‌لمێندرێ؟ زۆر شت هه‌ن هه‌قن، به‌ڵام ته‌حقیق بوونیان مه‌حاڵه. هه‌رێمی سلێمانی یه‌كێكه له‌وانه.
به‌غدا دژی دروستبوونی هه‌رێمی دیکەیە له عێراق. پارێزگا سوننییه‌كان به جیاجیا و هه‌موویشیان پێكه‌وه هه‌موو رێكاره یاسایی و ده‌ستورییه‌كانیان په‌یڕه‌وكرد كه ماف به دروستكردنی هه‌رێم ده‌دات، هیچیان لێده‌ست نه‌كه‌وت. پارێزگای (به‌سره)ـش به‌هه‌مان شێوه هیچ رێگه‌یه‌ك نه‌مایه‌وه نەیگرێتهبهر بۆ ئه‌وه‌ی به‌سره ببێته هه‌رێمێكی سه‌ربه‌خۆ، به‌ڵام به‌غداش هیچ شتێك نه‌ماوه نه‌یگرتبێته‌به‌ر بۆ كۆتاییهێنان به‌و خه‌ونه‌یان. ئەگه‌ر ئه‌و بۆچوونه‌ش به ئیعتیبار وه‌ربگرین كه به‌غدا بۆ لاوازكردنی پێگه‌ی كورد و گه‌وره‌كردنه‌وه‌ی درزی ناو ماڵی كوردی و نه‌هێشتنی قه‌واره‌ی هه‌رێم، وه‌ك ئەگهرێك ئه‌و مه‌یله‌ی هه‌بێت بۆ قبووڵكردنی دروستكردنی هه‌رێمی سلێمانی، چۆن ده‌رگە له‌خۆی ده‌كاته‌وه كه سوننه و به‌سره و شاره‌كانی دیکەش داوای هه‌مان ئەو مافه‌ی لێبكه‌ن. به‌تایبه‌تیش بۆ كه‌سانێك ئاگایی زیاتریان له‌باره‌ی ستراتیجی شیعه‌وه هه‌بێت ده‌زانن كه ئەوان دژی هه‌ر جۆره شۆڕكردنهوهیهكی ده‌سه‌ڵاتن و كار به ناوهندێتییهكی به‌هێز ده‌كه‌ن. دووه‌م گرفتیش له به‌رده‌م سلێمانی ئه‌وه‌یه كه به‌پێی ئەو رێكاره یاسایی و ده‌ستوورییانه‌ی هه‌ن بۆ دروستكردنی هه‌رێم له عێراق، له هیچ كام له به‌ند و بڕگهكانیاندا باسی ئەوه‌ی تیا نییه كه رێگه بدات له‌نێو چوارچێوه‌ی یه‌ك هه‌رێمدا هه‌رێمی دیکە دروست ببێت. بۆیە ئەگه‌ر ئامانج و مه‌به‌ست له‌و رێگه‌یه كارتی گوشاریش بووبێت له‌سه‌ر هه‌ولێر، ئه‌وه كارتێكی سووتاو بوو و پێگه‌ی سلێمانی به هه‌وڵێكی بێ ئه‌نجام لاوازتر ده‌كات له به‌رامبه‌ر هه‌ولێر و هه‌ولێر بێمنه‌تتر ده‌كات به‌رامبه‌ر به سلێمانی.
چاره‌سه‌ری واقیعی دۆزینه‌وه‌ی میكانیزمێكه بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه سیاسییانه‌ی له‌نێوان پارتی و یه‌كێتیدا هه‌ن، كه نیگه‌رانییه‌كانی ئێستای سلێمانی لێكه‌وته‌ی ئه‌و كێشه سیاسییانه‌ن كه هه‌ن. ئه‌زموونیش ئه‌وه‌ی بۆ سه‌لماندین ئه‌وكاتانه‌ی ئه‌م دوو ئاراسته‌یه كێشه و ناكۆكی و ململانێ له‌نێوانیان كه‌متر بوو، نه سلێمانی هه‌ستی به غه‌در ده‌كرد له‌سه‌ر خۆیی و نه هه‌ولێریش پێی وابوو سلێمانی لێی یاخی بووه. بۆیه باش وایه سه‌ركرده و بڕیار به‌ده‌سته‌كانی هه‌ردوو حیزبه سیاسییه‌كه‌ی هه‌رێمی کوردستان كه حوكمڕانی واقیعی هه‌ردوو زۆنهكهن، به دید و دونیابینییه‌كی فراوانتره‌وه له كێشه‌ی سلێمانی بڕوانن و كورد واته‌نی ئەوه په‌یڕه‌وبكه‌ن نه شیش بسووتێ و نه كه‌باب.