
وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاند، تائێستا پرسی رێژه‌ی لێبڕینی موچه یه‌كلایی نه‌كراوه‌ته‌وه، هاوكات وتیشی، حكومه‌ت پابه‌نده به بڕیاری پێشووی بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر 30 رۆژ جارێك موچه دابه‌شبكرێت.
جوتیار عادل وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم دوابه‌دوای كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، تائێستا له سه‌ر پرسی ته‌مویلی موچه هیچ بڕیارێك نه‌دراوه و له كۆبوونه‌وه‌ی داهاتووی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا بڕیاری له‌سه‌رده‌درێت.
وتیشی، حكومه‌ت پابه‌ندی به‌ڵێنی خۆیه‌تی بۆ ئه‌وه‌ی 30 رۆژ جارێك موچه دابه‌شبكرێت.
وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم باسی له‌وه‌شكرد، له كۆبوونه‌وه‌ی رۆژی چوارشه‌ممه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ته‌وه‌رێكی گفتوگۆ خستنه‌ڕووی هێڵه گشتییه‌كانی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان بووه، هه‌ر یه‌ك له وه‌زیرانی دارایی و پلاندانان خه‌رجی و داهات و كورتهێنانیان خسته‌ڕوو، بایه‌ته‌كه تاوتوێ كرا، ژماره‌كان خرانه‌ڕوو و ره‌چاوی هه‌موو ئه‌گه‌رێك كراوه و هه‌فته‌ی داهاتوو بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان ته‌واو ده‌كرێت”.