
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ستیفن هیکی، باڵوێزی بەریتانیا لە عێراق کرد.
باڵوێزی بەریتانیا لە عێراق، بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەم دواییانەی سەر هەولێری کرد و پشتگیریی هاوپەیمانانی بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە و ڕایگەیاند کە لەگەڵ حکوومەتی عێراق، لە پەیوەندیدان بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ ئەو هێرشانە دابنرێت و کۆتاییان بێت.
لە دیدارەکەدا هەروەها، جەخت لە گرنگیی جێبەجێکردنی یاسای بودجە و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە لایەن حکوومەتی فیدراڵی کرایەوە.
سەرۆکی حکوومەت، سوپاسی پشتگیریی هەڵوێستی بەریتانیا و هاوپەیمانانی کرد و داوای کرد، حکوومەتی فیدراڵی، پابەندبوونەکانی خۆی بەرامبەر هەرێمی کوردستان، تایبەت بە یاسای بودجەی گشتیی، جێبەجێ بکات و بەشە بودجەی هەرێم، لە ئایندەیەکی نزیکدا بنێرێت.
هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق و ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوون.