وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایننی لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، “دوای ئەوەی شەوی رابردوو لە تۆمارێکی ڤیدیۆيدا دەرکەوت بێ رێزی بە قورئانی پیرۆز کراوە و لاپەرەکانی بڵاوکراونەتەوە، ئێمە لەوەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بەتوندی ئیدانەی ھەر کار و کردەوەیەکی لەم شێوەیە دەکەین.”
دەشڵێت، “ئەو کارە ئەوپەڕی کارێکی ترسنۆکانە و تێکدەرانەیە”، ئەقافی هەرێم نووسیوشییەتی، “لەکاتی رووداوەکەدا وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لەگەڵ دەزگا پەیوەندیدارەکان لەسەر ھێڵ بووە بۆ دۆزینەوەی بکەری ئەم کردەوە دوور لەبەھا ئایینە.”
جەختیشدەکاتەوە لەوەی، مامەڵەی یاسایی دەکەن و راشیگەیاندووە، “ئەو کەسانە بە سزا دەگەیەنن کە دەیانەوێت بێ رێزی بە قورئانی پیرۆز بکەن.”
شەوی رابردوو گرتەڤیدیۆییەک بڵاوکرایەوە کە تیایدا دەردەکەوێت، چەند لاپەڕەیەکی قورئان دڕێنراون و ژنێک لاپەڕە قورئانەکانی لەسەر زەوی هەڵدەگرتەوە، لەسەر ئەو بابەتە و لەیەکەم کاردانەوەدا، لقی هەولێری یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان دەڵێت، “ئیهانە بە کەلامی خودا کراوە.”
لەو بارەیەشەوە، بارەگای بارزانی لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە تیایدا هاتووە، “سوكایەتیكردن بە پیرۆزییەكانی خەڵك بابەتێكی مەترسیدارە و بە هیچ شێوەیەك قابیلی قبوڵ نییە”، دەشڵێت، ئەنجامدەری ئەو کارە بە سزای خۆی دەگات.
قورئان؛ بە پەڕتوکی پیرۆزی مسوڵمانان دادەنرێت و لە رێگەی سروشەوە بۆ پەیامبەری ئیسلام (د.خ) لە ماوەی ٢٣ ساڵدا و لە ساڵانی ٦٠٩ بۆ ٦٣٢ی زایینی دابەزیوە، هاوکات، لە ٣٠ بەش و ١١٤ سورەت پێکهاتووە.