عەباس محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر ئاشكرایكرد: ئەو قورئانەی پەڕەكانی لەسەر شەقامی 100 مەتری بڵاوبوەوە، ژن و پیاوێك لەكاتی ماڵ باركردن لەسەر ئۆتۆمبێلەكەیان بیریان چوە و لەكاتی گەڕانەوە بۆ گوندەكەیان پەڕەكانی كەوتونەتە خوارەوە.
عەباس محەمەد لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردوەتەوە: پیاوێك دوای ئەوەی نوێژی تەراویحی لە مزگەوت كردوە، لەگەڵ هاوسەرەكەیدا ماڵەكەیان لە شارەوە دەگوازنەوە بۆ گوند، بەڵام قورئانێكیان لەسەر ئۆتۆمبێلەكەیان بیر دەچێت.
رونیشكراوەتەوە: دوای ئەوەی دەگەنە گوندەكەیان دەزانن كە قورئانەكەیان لەسەر ئۆتۆمبێلەكە بوە و بەهۆی ئەوەشەوە پیاوەكە دەگەڕێتەوە بۆ لای مامۆستای مزگەوتەكە و روداوەكەی بۆ باس دەكات و نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت، مامۆستاكەش شایەتحاڵی روداوەكەیە.
ئەندامەكەی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر جەختیلەوەشكردوەتەوە: مامۆستاكە شایەتی بۆ ئەو پیاوە دەدات كە ئەهلی مزگەوتە و هاوڕێیەتی، ئەو پیاوەش دواتر رونكردنەوە بڵاودەكاتەوە.
بڵاوبونەوەی پەڕەكانی قورئانی پیرۆز لەسەر شەقامی 100 مەتری شاری هەولێر كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و بە هەوڵدان بۆ سوكایەتیكردن بە هەستی موسوڵمانان لێكدرایەوە.