مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵیادی بۆردومانی قەڵادزێ لە پەیامێكدا دەڵێت: سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدانی ئەم دوو كارەساتە دادەنەوێنین.
مەسرور بارزانی لە پەیامێكدا ئاماژەی بەوەداوە: بۆردمانكردنی شاری قەڵادزێ لە 24 ی نیسانی 1974 لەلایەن رژێمی دیكتاتۆری بەعسەوە بوە هۆی شەهید و برینداربونی سەدان كەسی بێتاوان كە بەشێكی زۆریان قوتابی زانكۆی سلێمانی بون كە ئەوكات لە قەڵادزێ بوو.
رونیشیكردوەتەوە: هەروەها لە 24ی نیسانی 1982 رژێمی بەعس تاوانێكی تری بەرانبەر شارەكە ئەنجامدا و خۆپێشاندانێكی گولەباران كرد كە بۆ رێزگرتن لە قوربانیانی بۆردمانی قەڵادزێ رێكخرابو، سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدانی ئەم دوو كارەساتە دادەنەوێنین.
رژێمی بەعسی پێشو لە 24ی نیسانی 1974 شارۆچكەی قەڵادزێی بۆردومان كرد و بەهۆیەوە 160 هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا.