ئەگه‌ر ساڵانی پێشتر توركیا له كێشه‌ی هه‌ندێك له‌و وڵاته توركزمانانهی دوای رووخانی سۆڤیێت سه‌ربه‌خۆییان راگه‌یاندبوو، ببووه ته‌ره‌ف، وا لێكدەدرایهوه كه به‌هۆی هاونه‌ژادی و جۆرێك له هه‌ستی خۆبه‌خاوه‌نزانینی توركیا بۆ ئه‌و وڵاتانه وایكردووه توركیا ره‌وایه‌تی به‌خۆی بدات ده‌ستبخاته نێو كاروباریانهوە، به‌ڵام له چوار بۆ پێنج ساڵی رابردوودا ده‌ستوه‌ردانی له كێشه‌ی وڵاتانی وه‌كو (عێراق، سووریا، ئازه‌ربایجان و ئه‌رمینیا، ئه‌فغانستان، لیبیا، یه‌مه‌ن و به‌شێكی دیکە له وڵاتانی عه‌ره‌بی، تاوەکو دواجار ده‌ستی گه‌یشته كێشه‌كانی ئۆكراینا) شتێكی دیکەمان پێده‌ڵێن.
ئەمه ئاماژه‌ی ستراتیژیی تازه‌ی هه‌رێمایه‌تیی توركیایه كه نه‌ك هه‌ر خه‌ریكه ده‌بێته به‌شێك له كێشه‌ی ئه‌و وڵاتانه، به‌ڵكو ئاراسته‌ی رووداوه‌كان به ئاقارێك ده‌ڕۆن كه دواجار كێشه‌كان به به‌رژه‌وه‌ندی و باڵانسی هێز به‌لای توركیادا یه‌كلاببنه‌وه. شانبه‌شانی ئەم رۆڵه سیاسییه‌ی له نێوخۆی هه‌ریه‌ك له‌و وڵاتانه‌دا ده‌یگێڕێت، له مه‌یدانیشدا خه‌ریكه هه‌ژموونی سه‌ربازی به‌دوای خۆیدا په‌لكێش ده‌كات.
پێده‌چێت توركیا چاوه‌ڕوانی گۆڕانكاری گه‌وره‌بێت له گۆڕینی نه‌خشه‌ی سیاسی و دیمۆگرافیای ته‌واوی ناوچه‌كه، بۆیه چاوی له فراوانكردنه‌وه‌ی سنوورهكانێتی. به‌تایبه‌تیش ده‌یه‌وێ له‌ڕوویی سیاسیی و سه‌ربازییه‌وه هه‌ژموونی خۆی به‌سه‌ر چه‌ند ناوچه‌یه‌كدا بسه‌پێنێت كه بۆ داهاتوو دڵنیایی له ده‌سته‌به‌ركردنی سه‌رچاوه‌كانی وزه بۆ توركیا به‌ده‌ستبهێنێت.
دیارترین ناوچه‌كه و نزیكترین جوگرافیاش كه ئه‌م دڵنیاییه‌ی بۆ ده‌سته‌به‌ر بكات، جوگرافیای كوردستانه (باشوور و رۆژئاوا) وه‌ك دوو زۆنی ده‌وڵه‌مه‌ند به سه‌رچاوه‌كانی وزه و له هه‌مانكاتدا وه‌ك دوو ناوچه‌ی بێخاوه‌ن، چونكه نه ده‌وڵه‌ته‌كانی عێراق و سووریا له به‌رامبه‌ر داگیركارییه‌كانی توركیا به‌ده‌نگ دێن و نه هێزه كوردییه‌كانیش توانای رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی له‌شكری توركیایان هه‌یه. ئەوه‌ی لەدوای رووداوه‌كانی ناوخۆی سووریاوه، توركیا له‌و وڵاته ئەنجامی داوه، به ته‌ره‌ف بوون نییه له كێشه‌كان، به‌ڵكو به هه‌موو پێوه‌ر و پێناسه‌یه‌ك، داگیركارییه.
به‌شێك له جوگرافیای سووریا له‌لایه‌ن توركیاوه كۆنترۆڵكراوه و چاوی له چه‌ندین ناوچه‌ی دیکەی ده‌وڵه‌مه‌ندی سه‌رچاوه‌ی وزه‌ی ئه‌و وڵاته‌یه. له باشووری كوردستانیش (هه‌رێمی كوردستان) جیا له‌وه‌ی پێشتر به پاساوی بوونی په‌كه‌كه ده‌یان بنكه‌ی سه‌ربازی تیا دروستكردبوو، ئێستا رۆژ له‌دوای رۆژ جوگرافیای زیاتر ده‌خاته‌ژێر كۆنترۆڵی خۆیه‌وه.
هیچ كه‌سێكیش به‌قه‌ده‌ر ئه‌ردۆغان له‌وه‌یا راستگۆ نه‌بووه كه پێمان ده‌ڵێت هه‌ر شوێنێك بگرین لێی ناكشێینه‌وه. ئەو ستراتیجه سه‌ربازییه‌ی توركیا له باشوور به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، شه‌ڕ نییه دژی په‌كه‌كه، به‌ڵكو ته‌واو پرۆسه‌یه‌كی داگیركارییه.
كورد یا ئه‌وه‌تا زۆر دره‌نگ له هاوكێشه‌كان تێده‌گات، یا ره‌نگه كه‌وتبێته به‌رده‌م حوكمی ئەوه‌ی كه ئەگه‌ر هه‌ر بڕیار بێت كوردستان داگیركراوبێت، داگیركاریی توركیایان له عێراق و سووریا پێباشتربێت. ئەگینا به‌م جۆره‌ی ئێستا خه‌مسارد و بێ‌باك نه‌ده‌بوون له به‌رانبه‌ر ئه‌و پرۆسه سه‌ربازیی و ستراتیژه توركییهی له باشوور و رۆژئاوای كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌برێت.
راسته كورد هێزێكی ئەوتۆی نییه خۆی به‌ره‌نگاری سوپای ده‌وڵه‌تێكی وه‌ك توركیا ببێته‌وه، به‌ڵام خۆ ده‌كرێت په‌نا بۆ ناوه‌نده‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ببرێت. حكومه‌ت و په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان ده‌بوو یاداشتی ناڕه‌زایه‌تی و سكاڵایان بگه‌یاندایه‌ته جیهان. ئەگه‌ر كورد له سووریا كورد له ناوه‌ند هیچ رۆڵێكی نییه، به‌ڵام له عێراق پۆسته گرنگه‌كانی وه‌ك وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق و سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار به‌ده‌ستی كورده‌وه‌ن و مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه بۆ پارێزگاری له سه‌روه‌ریی وڵاته‌كه له ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان سكاڵا له دژی له‌شكركێشیی توركیا تۆمار بكه‌ن.
پێویسته ئه‌و راستیه بزانن ئەو بێده‌نگی و بێهه‌ڵوێستییه‌ی ئەم دامه‌زراوانه زه‌مینه‌ی زیاتر بۆ پرۆسه‌ی داگیركاریی توركیا خۆش ده‌كات. پێده‌چێت هێشتا ئەوان و خه‌ڵكانێكی زۆرتریش باوه‌ڕیان وابێت كه هۆكاره‌كه بوونی په‌كه‌كه‌یه له‌نێو خاكی هه‌رێمی كوردستان. جاران ئه‌گه‌ر توركیا ئه‌وه‌ی كردبوو به‌بیانوو كه په‌كه‌كه له‌نێو خاكی هه‌رێمه‌وه ئاسایشی توركیا تێكده‌دات.
په‌كه‌كه ماوه‌یه‌كی زۆره چالاكی سه‌ربازی له‌نێو توركیا ئه‌نجام نه‌داوه. ئه‌وه په‌كه‌كه نییه ئێستا هێزی بردبێته‌وه نێو قوڵایی توركیا و سه‌قامگیریی توركیای خستبێته مه‌ترسییه‌وه، به‌ڵكو توركیایه هێزی هێناوه‌ته قوڵایی هه‌رێمی كوردستانه‌وه، له زاخۆوه تاوەکو باشیك و چاوی له شنگال و كهركووكیشه. ئەم بێده‌نگییه‌ی عێراقیش خه‌ریكه ده‌مباته سه‌ر گومانێك كه له‌و رێككه‌وتنه نهێنیانه‌ی سه‌رده‌می گشتپرسی كوردستان له‌نێوان ئێران و توركیا ئه‌نجام دران، رێككه‌وتبن كوردستان وه‌ك برا له‌نێوان خۆیاندا به‌ش بكه‌ن، ئێران له 16ـی ئۆكتۆبه‌ر 50٪ـی به‌شه‌كه‌ی خۆی له جوگرافیای كوردستان داگیركرد و پێده‌چێت ئه‌مه‌ی كه ماوه‌ته‌وه بۆ توركیا دانرابێت.