عهبدولستار مهجید، سهرۆكی فڕاكسیۆنی كۆمهڵ
ئەوێ ڕۆژێ زیاتر لە بیست هەزار کەسیان لە یاریگای هەولێر بۆ پێشوازی لە پاپای ڤاتیکان کۆکردەوە، نە ڕێنمایی تەندروستیی لەئارادا هەبوو نە کۆرۆناش مەترسیی بوو!
بۆ ساڵیادی ڕیفراندۆم کە نیوەی خاکی کوردستانی تێدا لە دەست درا، کردیاتە شایی و تێکەڵاوی و قەرەباڵغیی، خوا هەڵناگرێ ڕەنگە کۆرۆنا خاتری گرتبن و هیچ مەترسییەکیشی نەبوو!بۆ یادەکانی بەهار و نەورۆز دەشت و دەر و سەیرانگاکان جمەیان دەهات، شەقام و شوێنە گشتییەکان بۆ ئاهەنگی نەورۆز پڕکرابوو لە خەڵک، لە تێکەڵاوییش هەر مەپرسە، لای ئەم حکومەتە کۆرۆنا بوونی نەبوو!
بەڵام هەر کە جەژن و مزگەوت دێتە پێش یەکسەر مەترسیی کۆرۆنا دێتەوە پێشەوە وەک بڵێی کۆرۆنا تەنها دژ و دوژمنی جەژنەکانی ڕەمەزان و قوربان و تەنها ڕقی لە مسوڵمانانە کە ساڵی دووجار دەردەکەوێت .
ڕۆژێک دەیانوت مادام حاجیمان نەبووە، پێویست ناکات جەژنیش بکەین چونکە ساڵانی ڕابردوو بۆ جەژنە پیرۆزە دەچوینە لای حاجییەکانمان، لە کاتێکدا حاجیی نزیک بە مانگێک دوای جەژن دەگەڕایەوە!
ئێستاش کە چەند ڕۆژێکی ماوە بۆ جەژنی ڕەمەزان، دیسان بابەتی قەدەغەی هاتوچۆ و مەترسیی کۆرۆنا تەنها بۆ سێ ڕۆژی جەژن سەریهەڵداوەتەوە و هەر کە جەژنیش تەواو بوو مەترسیی کۆرۆناش نامێنێت!
بەڕاستی سەیرە تێناگەم ئەم دەسەڵاتە بۆ دەبێ وا لە خۆی بکات هەرچی قسە و بڕیاری هەیە، دژ بە زۆرینەی جەماوەر و دروشمە ئیسلامییەکان دەربکەوێت؟!
ئەرێ ئێوە نەتانوت ئێستا کاتی سیاسەت نیە و نابێ کۆرۆنا تێکەڵ بە سیاسەت بکرێت؟!