بەستەڵەكەكانی جیهان دەستیان كردووە بە توانەوە و زانایانیش هۆشداری دەدەن لەوەی كە مەترسی لەسەر ملیۆنان كەس دروست دەكات.
تیمێكی زانایان لە لێكۆڵینەوەیەكدا كە لە گۆڤاری “نەیچەر” بڵاوكراوەتەوە ئاماژەیان بەوەداوە، بەستەڵەكەكان لەسەرتاسەری جیهاندا بەشێوەیەكی خێراتر دەستیان كردووە بە توانەوە و ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی 31%ی بەفر و بەستەڵەكەكانی جیهان لەدەست بچن لەچاو 15 ساڵ پێش ئێستا.
ئەوەش هاتووە، هۆكاری ئەوەش گۆڕانكاری ژینگەیی و سوتاندنی سوتەمەنی بەردینە، لە ساڵی 2015ەوە 220 هەزار داڕووخانی بەستەڵەكەكان روویانداوە و بووەتە هۆی توانەوەی 298 ملیار تۆن بەفر.
بەپێی لێكۆڵینەوەكە، ئەو ئاوەی لەو توانەوەیە دروستبووە بەسە بۆ ئەوەی وڵاتێكی وەك سویسرا بە قوڵایی زیاتر لە 7 مەتر دابپۆشێت، لە ساڵی 2015ەوە بۆ 2019 رێژەی توانەوەی ساڵانە 71 ملیار تۆن بووە، نیوەی بەستەڵەكی لەدەستچووش لە جیهاندا لە ئەمریكا و كەنەدا بوون و ولایەتی ئالاسكا بەرزترین رێژەی هەبووە لە جیهاندا و روباری كۆڵۆمبیای سەهۆڵی ساڵانە 35 مەتر پاشەكشەی كردووە.
شارەزایان هۆشداری لەوە دەدەن، ئەگەری هەیە توانەوەی بەستەڵەكەكان ببێتە هۆی كارەسات بۆ ملیۆنان كەس بەتایبەتی ئەوانەی وەك سەرچاوەی ئاو پشتی پێ دەبەستن.