ئەمڕۆ هەینی، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڤاکسینی سینۆفارمی چینی بۆ بەکارهێنانی ناچاری پەسندکرد. ئەوەش دەبێتە یەکەم ڤاکسینی چینی کە لەلایەن تەندروستیی جیهانییەوە پەسندبکرێت.
تێدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی جیهانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند،
“ئەمڕۆ تەندروستیی جیهانی ڤاکسینی سینۆفارمی چینی دژی کۆرۆنای پەسندکرد. ئەوەش دەبێتە شەشەم ڤاکسینی پەسندکراو لەلایەن تەندروستیی تەندروستیی جیهانییەوە.” پەسندکردنەکەی تەندروستیی جیهانی بۆ ڤاکسینەکان دوای لێکۆڵینەوەیە لە لایەنی “سەلامەتی، کوالێتی و کاریگەریی ڤاکسینەکە.” ئەو ڤاکسینانەی دیکەی تەندروستیی جیهانی بۆ بەکارهێنانی ناچاری پەسندی کردوون بریتین لە ڤاکسینەکانی فایزەر بایۆنتێک، مۆدێرنا، جۆنسن ئەند جۆنسن و ئەسترازێنیکان کە لە دوو شوێنی جیاواز لە هیندستان و کۆریای باشوور بەرهەمدەهێندرێت.
سینۆفارمیش دەبێتە شەشەم دانە. بەپێی پێداچوونەوەی گرووپێک لە شارەزایانی تەندروستیی جیهانی بە داتاکانی ڤاکسینەکە، وەکو تێدرۆس ئەدهانۆم باسی کرد، “ڤاکسینەکە بۆ کەسانی 18 ساڵ و سەرووترە و بە دوو قورچک وەری دەگرن.” پەسندکردنی ڤاکسینەکەش رێگە بۆ وڵاتان خۆشدەکات کە بەخێرایی ڤاکسینەکە پەسندبکەن و دەست بە کڕین و دابەشکردنی بکەن.
بەتایبەتیی ئەو وڵاتانەی ژمارەی تووشبووی کۆرۆنایان بەرزە. ڤاکسینەکە دوای پەسندکردنی دەبێتە بەشێک لە سیستمی کۆڤاکسی جیهانی کە ئامانجێتی ڤاکسین بگاتە هەموو بەشەکانی جیهان، بەتایبەت وڵاتە هەژارەکان.
تاوەکو ئێستا ڤاکسینی سینۆفارم لە 42 ناوچە لە جیهان بەکاردەهێندرێت، لە هەرێمی کوردستانیش پێنج هەزار قورچکی لێ بەکارهێندراوە. ئەوەش بەپێی داتاکانی ئاژانسی فرانسپرێس بۆ بەکارهێنانی ڤاکسینەکان.
ڤاکسینەکانی دیکەش بەمجۆرەن:
– ڤاکسینی ئەسترازێنیکا لە 166 وڵات و ناوچە بەکاردەهێندرێت
– فایزەر و بایۆنتێک لە 94 وڵات و ناوچە
– مۆدێرنا لە 46 وڵات و ناوچە بەکاردەهێندرێت
چاوەڕێ دەکرێت، دوای ڤاکسینە چینییەکە، ڤاکسینەکەی رووسیا کە ناوی Sputnik Vـە، نزیکترین ڤاکسین بێت لە ریزبەندییەکەدا بۆ ئەوەی پەسندبکرێت.