سەبارەت بەبریاری دادگای پێداچوونەوەی ھەرێمی کوردستان بۆ سزای زیندانیکردنی رۆژنامەنووسان و چالاکوانانی دەڤەری بادینان ، کەبەدەنگی (٣ ) ئەندام لە کۆی (٥ )ئەندامی دادگاکە پلەی کۆتایی پێدراوە.
پێمان وایە شێوازی پەسەند کردنی بریارەکە فشارو سێبەری سیاسی و حوکمی پێشوەختەی بەسەرەوە دیارە ، ئەمەش نەنگی و عەیبەیەکی گەورەیە بۆ سیستەمی دادوەری ، بێگومان کاریگەری نەرێنی دەبێت لە نێوەندە نێودەوڵەتیەکان بۆ لەکەدار بوونی ناو ناوبانگی ھەرێمی کوردستان و ئەزمونە حوکمرانیەکەی .ئێمە لە فراکسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی کوردستان وێرای سوور بوونمان لەسەر بەرگری کردن لە ماف و ئازادیەکان و پێداگری بەردەواممان لەسەر باشترکردنی ژیان و گوزەرانی ھاوڵاتیان ، پێمان وایە ئاسایشی کۆمەڵایەتی بە پاراستنی ئازادی رادەربرین و سەروەری یاسا دەستەبەر دەبێت ، ئەم بریارەش پێشھاتێکی مەترسیدارە ،سەروەری یاسای لەھەرێم خستۆتە ژێر پرسیارەوە ؟ھەربۆیە نابێیت رێگە بدرێت لە ژێر ھەر بیانوو پاساوێک دادگا بکرێتە سەنگەری کپکردنی دەنگی ئازاد و بەرتەسک کردنەوەی فەزای کاری مەدەنی ، بۆ ئەم مەبەستە داوا لەسەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەکەین لەپێناو پاراستنی سومعەی ھەرێـم دەستەڵاتەکانی خۆی بەکاربھێنیت ئەو لادانە راستبکاتەوە .لەھەمان کاتدا داوا لە سەرجەم ھاوپیشەکانمان لە فراکسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەمانی کوردستان دەکەین باھەموومان بەیەکەوە یەک دەنگ و یەک ھەڵوێست بەرگری لە سەروەری یاساو سەربەخۆیی دادگا و دەنگی ئازاد و پارێزگاری لە شکۆ و ناو ناوبانگی ھەرێمی کوردستان بکەین، رێگری ھەرھەوڵێک بین زیان بگەیەنێت بەپەیوەندیەکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ دۆستەکانمان لە ووڵاتانی ئەمریکا و ئەوروپا کە ھەمیشە لەکاتی تەنگانەدا دۆست و پشتیوانی بەھێزمانن .
فراکسیۆنی سەوز لەپەرلەمانی کوردستان
٧-٥-٢٠٢١