فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی سزادراوانی بادینانەوە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، “ئێمە بەر لە هەر کەسێک خۆمان بە پێشڕەوی رێزگرتن لە یاسا و وننەبوونی حەق دەزانین و پاڵپشتی ئازادی و بیروڕای ئازاد دەکەین.”
راشیگەیاندووە، “دادگا دەبێت بەرچاوی روون بێت و کەیسەکانی دیزە بەدەرخۆنە نەکرێن، وەک ئەوەی بینیمان بەر لە ماوەیەک دوو رۆژنامەنوسی دیاری ئەم هەرێمە لەشاری سلێمانی بێ دادگایی و بێ ئەوەی تاوانیان دەستنیشانبکرێت، لەگەڵ کۆرپەکەیان لەبەرچاوی هەموو دنیا شەهیدکران.”
ئەوەشی خستووەتەڕوو، “لەبەرچاوی هەموو دنیا (موستەفای سەلیمی) بێ شەرمانە تەسلیم کرا و باوەشی کراوە و میوانداری بۆ کوردانی هەموو پارچەکان لەلایەن هەرێم لەکاتی تەنگانەدا شێوێنرا.”
فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان دەشڵێت، “ئێمە دەمانەوێت دادگا ئازایانە هەموو بڕیارێکی عادیلانە بدات و لەژێر کاریگەری هەست و سۆز و دەستوەرداندا نەبێت.”
ئاماژەی بەوەشکردووە، “لیژنەکانی پەرلەمان دەبێت بزانن زەوی دزین و قاچاخی و ماددەی هۆشبەر و خواردنی بەسەرچوو و دوگی قاچاخ لەبری دروستکردنی میدیا و پەیج و جنێودان بە قازانجەکانیان و پڕکردنی گیرفانی قاچاخچییەکان، دەبێت دادگایی بکرێن چونکە بکەرانیان هیچ جیاوازییان نییە لەگەڵ ئەوانەی دەیانەوێت هەرێم لەناو ببەن، بۆیە حەق وایە بەدواداچوونی وردبکەن لەمبارەیەوە ئەگەر خەمێک بۆ سەروەری داگاو یاسا هەیە.”