خولی چواره‌می دانوستانه‌كانی نێوان ئێران و كۆمه‌ڵه‌ی چوار كۆ یه‌ك به به‌شداری ناڕاسته‌وخۆی ئه‌مریكا له ڤییه‌ننای پایته‌ختی نه‌مسا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
میخاییل ئولیانۆڤ نوێنه‌ری روسیا له‌و دانوستانه باسی له‌وه‌كردوه، سه‌رجه‌م لایه‌نه به‌شداربووه‌كان هه‌وڵه‌كانیان چڕ كردوه‌ته‌وه كه ئه‌و دانوستانانه بگه‌نه ئه‌نجام.
باسی له‌وه‌شكردووه، دیپلۆماته به‌شداربووه‌كان ئاماده‌ن چه‌نده پێویست بكات له ڤییه‌ننا بمێننه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌نجامی دڵخواز به‌ده‌ستبخه‌ن.
له دانوستانه‌كاندا نوێنه‌رانی ئێران و نوێنه‌رانی هه‌ر یه‌ك له چین، روسیا، به‌ریتانیا، فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا به‌شدارن و ئامانجی دانوستانه‌كان هه‌ڵگرتنی گه‌مارۆكانی ئه‌مریكایه له‌سه‌ر ئێران و گه‌ڕانه‌وه‌ی تاران بۆ پابه‌ندبوونه‌كانی به رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی.
دوای ئه‌وه‌ی ساڵی 2018 ئه‌مریكا له رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی كشایه‌وه و سزاكانی به‌سه‌ر تاران‌دا سه‌پانده‌وه، ئێرانیش پابه‌ندبوونه‌كانی به رێككه‌وتنه‌كه هه‌ڵپه‌سارد.