
دوای ئهوهی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ) سەپاندنی سزای زیندان بەسەر چالاکوانانی بادینان بە نادادپەروەرانە ناوبرد و داوای دەستبەجێ ئازادکردنیانی كرد، نووسینگەی رێکخەر بۆ راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، “دادگا سەربەخۆیە لە حکومەت و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەست لە پرۆسە یاساییەکان وەرنادات”.
رۆژی دووشەممە 10-05-2021 رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رایگەیاندوە: “بڕیاری دادگای پێداچوونەوەی هەرێم بۆ سزادانی شێروان شێروانی، گوهدار زێباری، هەریوان عیسا، ئەیاز ئەکرەم و شڤان سەعید، بە دڵنیاییەوە رەتدەکەینەوە، سەرەڕای سەرپێچیکردنی ستانداردەکانی دادگایەکی دادپەروەرانە”.
دهشڵێت: “ئەو پێنج چالاکوان و رۆژنامەنوسانە لە دادگایەکی نادادپەروەرانەدا سزایان بەسەردا سەپێنراوە، لەو کاتەوە کەس و کاریان نەیانتوانیوە بیانبینن و داوا لە حکومەتی هەرێم دەکەین بەپەلە و بێ مەرج ئازادیان بکات”.
نووسینگەی دیندار زێباری، رێکخەر بۆ راسپاردە نێودەوڵەتییەکان له وهڵامی نیگهرانی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لهبارهی سەپاندنی سزای زیندان بەسەر چالاکوانانی بادینان بڵاویكردۆتهوه، دادگا سەربەخۆیە لە حکومەت و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەست لە پرۆسە یاساییەکان وەرنادات.
ئاماژهی بۆ ئهوهشكردووه، حوکمی پێنج سزادراوەکە هیچ پەیوەندییەکی بە پیشەی ڕۆژنامەگەری و چالاکوانییەوە نەبووە. بەڵگەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تاوانباربوون بە کۆکردنەوەی زانیاری نهێنی و گواستنەوەیان بۆ بۆ رێکخراوێک کە زۆرجار بەشداری لە چالاکی تیرۆریستیدا کردووە، بەمەش ژیانی سیاسەتمەدارانی ناوخۆ و بیانیان لە هەرێمی کوردستان خستۆتە مەترسییەوە.
دەقی تهواوی راگەیێندراوی نووسینگەی رێکخەر بۆ راسپاردە نێودەوڵەتییەکان:
وەڵام بۆ لێبوردنی نێودەوڵەتی
ڕۆژی 16ی شوبات دادگای تاوانی هەولێر سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەر پێنج دەستگیرکراودا سەپاند. دوای ئەوەی پەڕاوەکانیان راپێچی دادگای پێداچوونەوە کرا، دادگای پێداچوونەوە بڕیارەکەی پەسەندکرد. ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی چەند نیگەرانییەکی لەبارەی پەسەندکردنی بڕیارەکە لەلایەن دادگای تەمییزەوە خستۆتەڕوو.
دادگا سەربەخۆیە لە حکومەت و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەست لە پرۆسە یاساییەکان وەرنادات. حوکمی پێنج سزادراوەکە هیچ پەیوەندییەکی بە پیشەی ڕۆژنامەگەری و چالاکوانییەوە نەبووە. بەڵگەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تاوانباربوون بە کۆکردنەوەی زانیاری نهێنی و گواستنەوەیان بۆ بۆ رێکخراوێک کە زۆرجار بەشداری لە چالاکی تیرۆریستیدا کردووە، بەمەش ژیانی سیاسەتمەدارانی ناوخۆ و بیانیان لە هەرێمی کوردستان خستۆتە مەترسییەوە.
وەک تۆمەتبار لەناو هۆڵی دادگا، لە لایەن پارێزەرەکانی خۆیانەوە نوێنەرایەتیان کراوە. هەروەها، چاویان بە پارێزەرەکانیان کەتووە لە کاتی ڕاگرتن بەر لە دادگای له دادگای تاوانی هەولێر.
ڕاستەوخۆ دوای دادگایی، دادگای تاوانەکان پەڕاوە یاساییەکانیان گواستەوە بۆ دادگای پێداچوونەوە، کە خاوەنی دوا بڕیارە بۆ پەسەندکردن یان ڕەتکردنەوەی بڕیارە یاساییەکان. دادگای پێداچوونەوە بڕیاری دادگای تاوانی لە 6 ی ئایاری 2021 دا پەسەندکرد. لەگەڵ ئەوەشدا، دوابەدوای پەسەندکردنی بڕیارەکە، تۆمەتباران 30 ڕۆژیان هەیە بۆ ئەوەی تانە لە بڕیارەکە بدەن، دوای ئەوە دەستەی گشتی دادگای پێداچوونەوە کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی دوا بڕیار لە کەیسەکە بدات. لە کۆتاییدا، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی ئەوەی هەیە کە لێبووردنی تایبەت دەربکات.
کۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور (ICRC) و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق (یونامی) دەستگەیشتنیان بە دەستبەسەرکراوەکان هەبووە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان تەواو پابەندە بە حوکمی یاسا و بە پرۆسەی یاسایی دادپەروەرانە و بێلایەن، و ئازادی ڕاگەیاندن کاری لەپێشینەیەتی. حکومەت لەگەڵ یونامی و نوسینگەی کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤ کاردەکات بۆ دڵنیابوون لەوەی کە کوردستان بەتەواوی پابەند بە پێوەرە نێودەوڵەتیەکانی مافی مرۆڤ، بە تایبەتی لە بواری ئازادی میدیادا.
نووسینگەی ڕێکخەر بۆ ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان