شارەزایانی بواری خۆراك ئاشكرای دەكەن، ئەو سودانەی كە تەماتە و گێزەر هەیانە بۆ مرۆڤ و بەهێزكردنی تەندروستی جەستەی بەشێوەیەكی گشتی بۆ هەموو كەس نییە، وەك ئەو كەسانەی جگەرە دەكێشن كە ئەو دوو مادە خۆراكییە مەترسیدارە لەسەریان.
بەپێی راپۆرتێكی پزیشكی كە پێگەی “مێدیك فۆڕیۆم”ی روسی بڵاویكردووەتەوە، تەماتە و گێزەر دەرفەت بە خانەكانی جەستەی مرۆڤ دەدەن كە نوێ ببنەوە، بەهۆی ئەوەشەوە پرۆسەی پیربوون خاودەبێتەوە لە جەستەدا، بەڵام ئەوە بۆ ئەو كەسانە نییە كە جگەرە دەكێشن.
رونیشكراوەتەوە، بەپێی لێكۆڵینەوە نوێكان كە ژمارەیەك زانا ئەنجامیانداوە، مادەیەكی شێرپەنجەیی لە جگەرەدا هەیە كە بە تەواوەتی شێوەی “بیتا كارۆتین” دەگۆڕێت كە لە چەندین جۆری سەوززە و میوەدا هەیە لەوانەش تەماتە و گێزەر و دەیكات بە مادەیەك كە مەترسی لەسەر جەستە دروست دەكات.
بەپێی راپۆرتەكە، پێویستە ئەوانەی جگەرە دەكێشن خواردنی ئەو دوو مادەیە بەتەواوەتی كەمبكەنەوە، ئەگەر دەشكرێت بە تەواوەتی لە ژیانتاندا بیسڕنەوە، بەڵام ئەوانەی جگەرەكێش نین خواردنی تەماتە و گێزەر زیاد بكەن چونكە هاوكار دەبێت لە بە گەنجی مانەوەی جەستە و پاراستنی زیندەچالاكییەكان، سەرەڕای ئەوەش سیستمی بەرگری بەهێز دەكەن.