مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق، کاردانەوەی بەرامبەر ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر مزگەوتی ئەقسا و ناوچەکانی دیکە نیشاندا و راشیگەیاند کە قبوڵ ناکەن دەست بۆ مافە مێژووییەکان لە خاکی فەڵەستین ببردرێت.
بەپێی ئەو راگەیەندراوەی لە نووسینگەی سەرۆکایەتی وەزیرانی عێراق بڵاوکراوەتەوە، کازمی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ مەحموود عەباس سەرۆکی فەڵەستین، ئەنجامداوە.
لەمیانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، کازمی ئاماژەی بەوە کردووە کە وڵاتەکەی پارێزگاری لە ھەڵوێستی پێداگرانە و مێژوویی خۆی لەمەڕ پشتیوانیکردنی فەڵەستین دەکات.
کازمی لەمیانی گفتوگۆیەکەیدا لەگەڵ عەباس، به توندی ئیدانەی ھێرشی ئیسرائیلی بۆسەر قودس و فەڵەستینییەکان لە غەززە کردووە و جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە قبوڵ ناکەن دەست بۆ مافە مێژووییەکان لە خاکی فەڵەستین ببردرێت.