وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، پێویستە لەمەودوا بەرهەمی مریشك، پارچەكانی فرێش و بەستوی ناوخۆ ستیكەر و باركۆدی پەسندكراوی وەزارەتی لێ بدرێت.
وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی هەرێمی كوردستان لەنوسراوێكدا كە ئاڕاستەی سەرجەم سەربڕخانەكان كراوە، رایگەیاندووە: پێویستە تا 21ی ئەم مانگە سەربڕخانەكانی پەلەوەری بەمەبەستی خستنە بازاڕی بەرهەمی (مریشك، پارچەكانی فرێش و بەستو)، باركۆد و ستیكەر لە بەرهەمەكانیان بدەن.
رونیشیكردوەتەوە، ئەو بڕیارە لە پێناو پارێزگاریكردنە لە بەرهەمی ناوخۆیی و دوای ئەو بەروارەش بەرهەمی بێ ستیكەر و باركۆد قەدەغە دەكرێت.
وەزارەتی كشتوكاڵ ئەوەشی خستوەتەڕو، دوای 21ی ئەم مانگە ئەو بەرهەمانەی بەبێ ستیكەر و باركۆدی پەسندكراوی وەزارەت لە بازاڕەكان ساغ بكرێنەوە، وەك بەرهەمی ساختە هەژمار دەكرێن و رێكاری یاسایی بەرامبەر خاوەنەكەی دەگیرێتەبەر.