عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە پەیامێكدا بۆ مەسرور بارزانی رایگەیاندوە، گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ كەرتی ھەشتی حەسارۆك لە هەولێر هەنگاوێكی باشە، بەڵام بە رێگەی فرۆشتنی چەندین شوێنی بازرگانی و خزمەتگوزاری لەو شوێنە كە بە نادادپەرورەرانە دابەشكراون دەتوانرێت چەندین ملیۆن دۆلار بۆ حكومەت بگەڕێنرێتەوە و تێچووی گەیاندنی خزمەتگوزارییەكانیش دابینبكرێت.
عەلی حەمەساڵح لە نوسینێكدا لە هەژماری تایبەتی خۆی بەناونیشانی “بۆ سەرۆكی حكومەت” بڵاویكردەوە، “كەرتی ھەشتی حەسارۆك 17 ساڵە دابەشكراوە و نزیكەی 17 ھەزار پارچە زەویە، مۆڵەتی بیناو ھیچ خزمەتگوزاریەكی نیە، ئێستا حكومەت دەیەوێت خزمەتگوزاری بۆ ئەم شوێنە دەستپێبكات، ئەمەش ھەنگاوێكی باشە”.
ئاماژەی بەوەشكرد، “بۆ ئەوەی خزمەتگوزاری تەواو بگاتە ئەم شوێنە، ئەم پێشنیارە دەكەم، كە چەندین ملیۆن دۆلاریش دەگەڕێتەوە خەزێنەی گشتی كە لە سەرحسابی زەوی ئەم ناوچەیە بە ناڕوا دراوە بە چەند كەسێك”.
عەلی حەمەساڵح ئەوەشی خستەڕو، “لەگەڵ چەند كەسێكی شارەزای ناوچەكە لێكۆڵینەوەو بەدواداچونمان كردوە، شوێنی بازرگانی و بازاڕو بەنزیخانەو خزمەتگوزاریەكی زۆر بە ناڕەواو نادادپەروەرانە كە بەھاكەی چەندین ملیۆن دۆلارە دراون بەچەند كەسێك، ئەگەر ئەم شوێنە بازرگانیانە بەیاساو كێبڕكێ بفرۆشرێت بەشی ھەرە زۆری خزمەتگوزاری ھەشتی حەسارۆكی پێدابین دەكرێت، كارێكیش لەسەر بنەمای نادادپەروەرانە كرابێت دەتواندرێت ھەڵبوەشێتەوە”.