عەلی قەڵادزەیی
جان جاک ڕۆسۆی گەورە بیریارو فەیلەسوف بەر لەدایکبونی مۆدێرنەی ئایدیای شارستانیەتی ئەوروپی، کاتێک هاوڕێیەکی لێی دەپرسێت فاکتەرەکانی پێشکەوتنی کۆمەڵگە چین؟
ڕۆسۆ لەوڵامدا بە دەستەواژەیەک وڵامدەداتەوە: فاکتەری کارا بریتیەلە گرنگیدان و بەرەوپێشبردنی سیستمی پەروەردە، بێگومان ئەمە دیدگای مرۆڤێکی ئاسایی و هەڵتۆقیوی کۆمەڵگەیەک نیە، بەڵکو جیهانبینی پیاوێکە کەیەکێکە لەخاوەن هزرەکانی بیناکردنی شارستانیەتی ئەوروپای نوێ، هەروەها دونیابینی فەیلەسوفێکە کەهەموو توانست و زۆرینەی تەمەنی خۆی بۆ توێژینەوە هزری و فەلسەفیەکان تەرخانکرد بەئامانجی تێپەڕاندنی گرێی پەرگیری و فەندەمێنتالیستی و ڕۆژگارە تاریک و ئەنگوستە چاوەکانی ئەوروپا.
ساڵانێکە جیهانبینی سیاسی کورد بناغەی بەجۆرێک بۆ پێشخستنی کۆمەڵگەی کوردی داڕشتوە کەدەتوانین بڵێین نازانستیە و تەواو پێچەوانەی دونیابینی ڕۆسۆ و گەڵاڵە عەقڵانیەکەی یابانیەکانی دوای جەنگی دوەمی جیهانیە بۆ دوبارە هەڵسانەوەو بیناکردنەوەی یابانێکی وێرانبوو، چونکە ستڕاتیژیەتی ئەمڕۆی سیاسی کورد بۆ پێشخستن بەپلەیەک خۆی لەبیناکردنی چەند شوققەیەکی چەند نهۆمی گەڵاڵەکردوە لەدوو سێ شاردا، ئەوساکەش هەندێ لەنوسەرو سیاسیەکانیشمان لەچوارچێوەی نوسین و وتارەکانیان ناتوانن ئەو شانازیکردنە بشارنەوە کەشوققە دەستکەوتێکی گەورەی حکومەتی هەرێمە بەرەو پێشکەوتن و بەر لەڕاپەڕین پڕۆژەیەک بونی نەبوە لەژێر ناوی شوققە لە کوردستان.
ڕاستە سیستمی بیناسازی و شوققە یەکێکە لەسیما مادیەکانی پێشکەوتن لەسەر نەخشەی ئەمڕۆی وڵاتان، بەڵام نابێ ئەو حەقیقەتەمان بیربچێت کە ئەمانە سیمایەکی زۆر بچوکی پێشکەوتنی هەر وڵاتێک نیشاندەدەن، چونکە هەرگیز ناکرێ شانازی بەپێشخستنی وڵاتێکەوە بکەین، بەڵام داخستنی دەرگای قوتابخانەکان و ئیفلیجبونی کۆی پڕۆسەی پەروەردەو فێرکردن نەبینین کەبۆ چەند ساڵێک بێت بەسەریەکەوە لەلێواری هەرەسهێناندا بێت بەهۆی بایکۆتی ناچاری مامۆستایان بەهۆی سەپاندنی سیستمی نیوە موچەو لێدزینی موچە لەلایەن حکومەتەوە بەسەریاندا، کارەساتبارتر ئەوەیە کەدواتریش هاتنی کۆرۆنا وای کردبێت کەبەرپرسە پەروەردەییەکان دوو ساڵ بەسەر یەکەوە سیستمی خوێندنی ئەلکتڕۆنی بێ هیچ ئامادەسازیەک لەجێگەی خوێندنی ناو پۆل بخەنە بەرنامەی کارەوە و دواتریش وەک بینیمان هەردو ساڵ لەکۆتایدا خۆیان دانیان بەشکستی پڕۆسەکەدا ناو هیچ حسابیان بۆ نەتیجەکەی نەکرد. ناکرێت خەیاڵی پێشکەوتن بمانباتەوە، بەڵام لەولاوە لەناوەڕاستی مانگی شەشدا مامۆستایان و خوێندکاران بەبڕیارێک بنێررێنەوە بۆ ناو ژورە گەرمەکانی خوێندن و بمانەوێت بەپانکەیەکی شڕو سواو سیستمی پەروەردە لەپۆلەکان کاراو قەرەبوو بکەینەوە، لە کاتێکدا ئەم هەنگاوە گەر بمانەوێ هیچ ناوێکی پێبدەین ئەوکات دەتوانین شوناسی پینەو پەڕۆکردن و تێپەڕاندنی خوێندنی ئەمساڵ و بەستنی چاوی خەڵکی پێبدەین لەجێگەی فێرکردن، چونکە زۆر دەمێکە زانایان ئەو ڕاستیە زانستیەیان سەلماندوە کە دوو جۆر لەمرۆڤەکان عەقڵی وەرگرتنیان ناکارایە، مرۆڤێک کە برسیەو هەموو تەرکیزی عەقڵی لەسەر تێرکردنی سکیەتی، مرۆڤێکیش کەلەدۆخێکی گەرمی عەڕەقەکردنەوەدایە، چونکە گەرما عەقڵ دەخاتە ناو دۆخێکی خەواڵویی و بێهێزی و ناکاراییەوە، ئەوکات لەجێگەی وەرگرتن هەموو داڵغەی عەقڵ بەلای سڕینی عەرەقەی ناوچەوان و تێپەڕاندنی دۆخە گەرمەکەدا دەبێت.
بەداخەوە ئەمڕۆ هەموو ئەجێندەی بەرپرسانی پەروەردە بۆ فێنککردنەوەی دۆخەکە و تێپەڕاندنی گەرمای ناو پۆلەکان بریتیەلە تەرخانکردنی بڕی ٩٩ ملیۆن دینار بۆ هەر بەرێوەبەرایەتیەکی پەروەردە لەشارەکان، لەکاتێکدا گەر بمانەوێت ئەم بڕە وردتر بکەینەوەو بەزمانی هەندێ لەژمارە پێی بدوێین، ئەوکات دەبینین کە لەسنوری بەرێوەبەرێتیەکی پەروەردەی فراوانی وەک پشدەر ئەم بڕە پارەیە توانیویەتی تەنیا (٤٥) فێنککەرەوە دابین بکات، ئەم ژمارەیە ئەوەمان پێدەڵێت هەموو بەرنامەکەی وەزارەت بۆ فێنککردنەوە ئەوەیە کە بۆ هەر مەکتەبێک یاخود بە دوو مەکتەب تەنیا یەک فێنککەرەوەیان پێبدرێت، لەکاتێکدا وەک سەرچاوە کەشناسیەکان ئاماژەی پێدەدەن لەچەند ڕۆژی داهاتودا پلەکانی گەرما لەکوردستان بەرزتر دەبنەوە،
ماوە بڵێم هەزار ڕەحمەت لەباپیرانمان کە جوانیان گوتوە: تێر ئاگای لەبرسی نیە، بۆیە برادەرانی بەر سپلێتیش ئاگایان لەدۆخی ناو پۆلە گەرمەکان نیە و نازانن خوێندن لەمانگی شەش و حەوت لە کوردستان بەپانکەیەکی کۆن و بەبڕی ٩٩ ملیۆن دینار سەرکەوتو نابێت و دۆخی نەخوێندەواری ساڵانی ڕابردوو پینەناکات و نایسڕێتەوە.