بەشێكی زۆر لە خەڵكی تووشی پەتای كۆرۆنا نابن و تەنانەت لای خۆشیان سەیرە كە تائێستا تووش نەبوون سەرەڕای تێكەڵبوونیان لەگەڵ چەندین توشبوو، بەپێی لێكۆڵینەوەیەكی نوێش ئەوە پەیوەندی بە بۆهێڵێكەوە هەیە و ئەوانەی خاوەنی ئەو بۆهێڵەن رقیان لە جۆرە خواردنێكە.
بەپێی لێكۆڵینەوەیەكی نوێی زانایانی تایبەتمەند لە گیرفانەكانی لوت لە زانكۆی لویزیانای ئەمریكا كە رۆژنامەی دەیلی مەیڵی بەریتانی بڵاویكردووەتەوە، ئەوانەی خاوەنی بۆهێڵی بۆماوەیی ناسراو بە T2R38ن ئەوا تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا نابن یاخود توشیش ببن زۆر بە سوكی دەیگرن.
رونیشكراوەتەوە، دوو كۆپی ئەو بۆهێڵە دەگوازرێتەوە، یەكیان لە دایك و ئەوی تریان لە باوكەوە و ئەوانەی ئەو بۆهێڵەیان هەیە، ناتوانن هەست بە خواردنی تاڵ بكەن یاخود زۆر هەستیارن بە خواردنی تاڵ، یاخود توانای تامكردنیان مامناوەندە.
لە لێكۆڵینەوەكەدا كە لەسەر 2 هەزار كەس كراوە، ئەوە دەركەوتووە لەناو ئەو كەسانەشدا ئەوانەی كە توانای تامكردنی خواردنی تاڵیان نییە ئەگەری توشبوونیان لەو كەسانە زیاتر كە توانایەكی گەورەیان هەیە بۆ تامكردنی، زانایان پێشیان وایە لەوانەیە هەندێك بۆهێڵ توانای زیاتریان بۆ بەرهەمهێنانی “ئۆكسیدی نیتریك” هەبێت ئەوەش رۆڵ دەبینێت لە لەناوبردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا.