هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگهیاند، “لە هەوڵەکانمان بەردەوامین لەپێناو ئازادکردنی حوکمدراوانی بادینان”، هاوكات داواش لە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەکات لە بەرامبەر ئەو کەیسە دەسەڵاتی خۆی بەکاربهێنێت.
بهگوێرهی راگهیهندراوێكی سهرۆكایهتی یهكێتی رۆژی پێنجشەممە 27/5/2021 بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیی لە مارتن هووس، باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق و ڤێنسنت گیووم پۆپۆ، بەرپرسی نووسینگەی یەکێتیی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان کرد.
ئاماژه بهوهشكراوه، لە دیدارهكهدا گفتوگۆیان لەسەر پرسی ئازادیی رادەربڕین، رۆڵی میدیا و رەخساندنی زەمینەی لەبارتر بۆ پیشەی رۆژنامەوانی و دەستخستن و پێدانی زانیاری بە راگەیاندنکاران کرا.
لای خۆشیهوه بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گۆشەنیگای یەکێتیی لەبارەی ئازادی و ئازادیی رادەربڕین خستەڕوو و ئاماژەی بەوە کرد “یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سەرەتاوە لەسەر بنەمای ئازادی و ئازادیی رادەربڕین دامەزراوە و یەکێک لە کۆڵەکەکانی بونیادی یەکێتی، رەخنە و رەخنە لەخۆگرتن و رەخساندنی زەمینەی لەبار بووە بۆ نووسەر و رۆژنامەنووسان”.
ههروهها هاوسەرۆکی یەکێتی باسی لهوهشكردووه، “نابێت بەناوی یاساوە سنوورەکانی کاری رۆژنامەوانی بەرتەسک بکرێنەوە و دژی هەموو رێگری و سنووردارکردنێکی کارەکانی ئەو توێژە گرنگەی کۆمەڵگەین”.
بافڵ تاڵەبانی جهختیشیكردۆتهوه، “یەکێتی لەگەڵ بوونی میدیایەکی ئازاد و بوێردایە، چونکە پێمانوایە ئەزموونی دیموکراتیی ھەرێم و ئەم کۆمەڵگەیەی شانازیی پێوە دەکەین، بەستراوەتەوە بە دەنگی ئازاد و میدیای ئازاد و ئازا، کە بۆ ئەوەش ھەموو ھەوڵێکمان روو لە رەوینەوەی ئەو بۆچوونانەیە کە لەسەر ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی باس لە بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان دەکەن”.
ناوبراو لەبارەی حوکمدراوانی بادینانیش وتی، “لەگەڵ سزادانی سیاسی نەبووین و نابین. ناشمانەوێت چیتر گەنجەکانی بادینان ببنە قوربانیی مەرامی سیاسی و لە هەوڵەکانمان بەردەوامین لەپێناو ئازادکردنیان. داواش لە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەکەین لە بەرامبەر ئەم کەیسە سیاسییە دەسەڵاتی خۆی بەکاربهێنێت و دەبێت بە ھەموومان رێگری لەم پێشهاتە مەترسیدارە بکەین کە لە ئەگەری بەردەوامبوونیدا ناوبانگی ھەرێمەکەمان لەکەدار دەکات”.
به گوێرهی راگهیهنراوهكه، هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو، بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند، یەکێتی لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە لە کاتی خۆیدا و پێویستە هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بە چاودێریی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەڕێوەبچێت.