
حەیدەر عەبادی سەرۆكی ئیئتلافی نەسر دەڵێت، كورد پرۆژەی جیابوونەوەیان هەبوو منیش دژی وەستامەوە و بەهۆی رێوشوێنەكانیشم دژی هەرێمی كوردستان رووبەڕووی پەستانی نێودەوڵەتی بوومەوە.
حەیدەر عەبادی لە گفتوگۆیەكی تەلەفزیۆنیدا ئاماژەی بەوەداوە، كاتێك پۆستی سەرۆكی حكومەتم وەرگرت پەیوەندی لەنێوان ئێمە و هەرێمی كوردستان نەبوو، نەشدەكرا لە كاتێك شەڕ هەبوو گفتوگۆ لەگەڵ هەرێم بكرایە لەسەر دۆسیەكان.
ئاماژەی بەوەشداوە، كورد پرۆژە جیابوونەوەی هەبوو منیش دژی ئەو پرۆژەیە وەستامەوە، لەكاتی گفتوگۆكان وایان پیشاندا كە ریفراندۆم تەنها وەرگرتنی راوبۆچونە، ریفراندۆمیش لەكاتێكدا بوو كە زەوییەكان بە تەواوەتی لەداعش پاك نەكرابوونەوە.
عەبادی لە بەشێكی تری قسەكانیدا وتویەتی، بەهۆی ئەو رێوشوێنانەی دژی هەرێمی كوردستان گرتمەبەر رووبەڕووی پەستانی نێودەوڵەتی بوومەوە، داوام لە حكومەتی هەرێم كرد حسابانی ئەو داهاتە ئاشكرا بكەن كە بەدەستی دەهێنن بەڵام ئەوان رەتیان كردەوە، تائێستاش نازانم پارەی نەوتی هەناردەكراوی هەرێم بۆ كوێ دەچێت.