
سەرۆککۆماری عێراق رایگەیاند، “پرۆژەیاسای گێڕانەوەی پارە بەتاڵانبراوەكانی گەندەڵی پشتیوانی دەکات لە ھەوڵەکانی دامەزراوەكانی دەوڵەت بۆ بەگژداچوونەوەی گەندەڵی”.
بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق رۆژی چوارشەممە لە كۆشكی سەلام لە بەغدا لەگەڵ هەریەكە لە حەسەن کەعبی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، سەرۆک و جێگری سەرۆکی لیژنەکانی دەستپاکی و یاسایی و دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران، سەرۆكی دەزگای داواكاری گشتی، سەرۆكی دەستەی دەستپاكی و سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی کۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا باس لە پرۆژەیاسای گێڕانەوەی “پارە بەتاڵانبراوەكانی گەندەڵی كرا کە لەلایەن سەرۆکایەتیی کۆمارەوە ئاراستەی ئەنجوومەنی نوێنەران کراوە، و جەختیش کرایەوە لە گرنگی و پەسندكردنی پرۆژەیاساكە بەو پێیەی پرۆژەیاساكە تەواوكەری یاساكانی دیكەی تایبەت بە بەگژداچوونەوەی گەندەڵییە و پشتیوانیی گەورەش دەکات لە هەوڵ و كۆششە نیشتمانییەکان کە لەوبارەیەوە لەئارادان، ھەروەھا ئاماژە کر بە رۆڵی گرنگی دەزگای یاسادانان لەو بارەیەوە”.
بەرهەم ساڵح ئاماژەی بە مەترسی و كاریگەرییە خراپەکانی “دیاردەی گەندەڵی” بۆسەر پرۆسەی پەرەپێدان و كایەی ئابووری و كۆمەڵایەتی و دۆخی گشتیی وڵات کرد و رایگەیاند “پێویستە هەڵوێستەیەكی جیددی لەوبارەیەوە بکەین و گشت دامەزراوە فەرمییەكانی دەوڵەتیش تیایدا بەشداربن و بە هەموولایەك پەتای مەترسیداری گەندەڵی سنووردار بكەین، چونكە بەردەوامیی ئەو دیاردەیە هەڕەشەیەكی جیددییە بۆسەر ئێستا و ئایندەی وڵات و بونیادنانەوە و ئابووریی وڵات پەکدەخات”.
لای خۆیەوە حەسەن کەعبی کە لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربوو، پشتیوانیی دەزگای یاسادانانی دووپاتکردەوە بۆ ئەو ھەوڵانەی لەئارادان بۆ بەگژداچوونەوەی گەندەڵی.