
سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، دۆخی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان بەرەو ئاسۆیی دەڕوات و بەرەو كەمبوونەوە دەچێت، جەختلەوەشدەكاتەوە كە نەخۆشی كەڕووی رەش نوێ نییە و پێویست بە ترس ناكات.
سامان بەرزنجی بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی وتووە، رەوشی پەتا لە هەرێم بەرەو ئاسۆیی دەڕوات و لە بارودۆخێكی مامناوەندین، ئەمەش پێویستی بەوە هەیە بەردەوامبین لەسەر جێبەجێكردنی رێكارەكانی خۆپارێزی بە تایبەتی دانانی ماسك و دوركەوتنەوە لە یەكدی، هاوتەریب لەگەڵ پێدانی ڤاكسین كە پرۆسەكە بەردەوامە و رۆژ بە رۆژ بەرەو فراوانتر دەڕوات.
رونیشیكردووەتەوە، رێژەی توشبووان و مردن كەمتر بووە بەڵام ئەو ژمارە مردنانەی ئێستا هەیە حاڵەتەكانی چەند هەفتەی پێشون، بە واتایەكی تر مردن و توشبوون لە هەمان رۆژدا بەراورد ناكرێن، بۆیە بە شێوەیەكی گشتی چەماوەكە بەرەو ئاسۆیی دەڕوات و بە هێواشی بەرەو كەمبوونەوە دەچێت، بۆیە ئومێدمانە ئەمە بەردەوام بێت و هاوڵاتیان بەردەوام بن لە خۆپارێزی.
سەبارەت بە نەخۆشی كەڕووی رەش وتی، نەخۆشییەكی نوێ نییە و هەموو ساڵێكیش حاڵەت هەبووە، هاوكات پەیوەندی بە كۆرۆناوەشەوە نییە، بەڵام كۆرۆنا هۆكارێكە بۆ كەمكردنەوەی بەرگری جەستە، ئەو كەسانەی بەرگری جەستەیان لاوازە یاخود نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە تووشی ئەو نەخۆشییە دەبن، هەروەها ئەو نەخۆشییە وەكو كۆرۆنا گوازرەوە نییە لە كەسێك بۆ كەسێكی تر، بەڵام پێویستە رێوشوێنەكانی پاكوخاوێنی زیاتر رەچاو بكەن، هاوكات بۆ ئەو كەسانەی هیچ نەخۆشییەكیان نییە و بەرگریی جەستەیان بەهێزە ناگوازرێتەوە و هیچ ترسناك نییە، بۆیە ئەو مەترسییە نییە تا هاوڵاتیان تووشی دڵەڕاوكێ بكات.