
عارف قوربانی
نازانم بۆ گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كانی دیکەش وایه یاخود هه‌ر بۆ ئێمه‌ی كورد ئەوه راسته كه په‌نده‌كانی پێشینان و ئه‌و ئیدیۆمانه‌ی له رابردووی دووردا گوتراون، به‌رده‌وام و له زۆر هه‌لومه‌رجدا بهكاردهبرێنهوه، ئایا به‌هۆی ئەوهوهیه كه مێژوو و رووداوه‌كان دووباره ده‌بنه‌وه، یان سیحرێكی تایبه‌ته كه ئه‌و پهندانە له هه‌موو سه‌رده‌مێكدا هه‌ر به زیندوویی بمێننه‌وه؟ دەمەوێت لێره‌دا وه‌ك نموونه بۆ ئەم باسه كردوومه به‌ناونیشانی وتاره‌كه‌م، (گاڕانیان به‌خڕی برد، خه‌می گۆلكه سوورێتی)، ئەگه‌ر هه‌ڵه نه‌بم، تایبه‌ته به ناوچه‌كانی پشده‌ر و بتوێن، یان زیاتر له‌و ناوچانه به‌كاربراوه و له‌وێوه رۆچووه‌ته نێو كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌وارییه‌وه. نازاندرێت مێژووی سه‌ره‌تای به‌كاربردنی بۆ كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه كه لانی كه‌م سه‌تان ساڵه، به‌ڵام ده‌ڵێی بۆ ئه‌مڕۆ نووسراوه.
توركیا چه‌ند ساڵێكه ده‌یان بنكه و باره‌گای سه‌ربازی له باشووری كوردستان دامه‌زراندووه، رۆژانه ژماره‌ی له‌شكره‌كانی زیاتر ده‌كات، به پاساوێكی ناڕه‌وا شه‌ڕی هێناوه‌ته نێو قووڵایی كوردستانه‌وه، چاوی له شنگال و ده‌شتی نه‌ینه‌وا و كهركووكیشه. چه‌ندجارێكه به راشكاوی ده‌یڵێت كه هێز ده‌به‌ینه ته‌واوی ئەو ناوچانه و بچینه هه‌ر جێگه‌یه‌كیش لێی ناكشێینه‌وه. له‌وه‌ش روونتر پێمان ده‌ڵێت ویلایه‌تی موسڵ موڵكی ئێمه‌یه و وه‌ریده‌گرینه‌وه.
ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی توركیا به سه‌رۆكایه‌تیی ئەردۆغان كۆبوونه‌وه‌ی كردووه و رایانگه‌یاند كه به ئه‌ندازه‌ی قه‌ندیل مه‌خموور بۆ ئێمه گرنگه و ده‌چینه ئه‌وێیش. مه‌خموور چه‌ند كیلۆمه‌ترێكی كه‌م له هه‌ولێری پایته‌خته‌وه دووره، ئه‌مه ئاماژه‌یه بۆ داگیركردنی هه‌ولێری پایته‌ختیش. ئەوه‌ی جێی پرسیار و هه‌ڵوه‌سته‌یه چه‌ند رۆژێكه شان به‌شانی فراوانبوونه‌وه‌ی له‌شكركێشییه‌كانی سوپای توركیا و هه‌ڕه‌شه‌كانی بۆ داگیركردنی ته‌واوی باشووری كوردستان، چه‌ند میدیایه‌ك به مه‌به‌ست بێت یان له بێئاگاییه‌وه خزمه‌تێكی گه‌وره‌یان به ستراتیژی داگیركارییانه‌ی توركیا كردووه كه ئه‌سڵی بابه‌ته‌كه‌یان له پرۆسه‌یه‌كی داگیركارییه‌وه گۆڕیوه بۆ پرۆسه‌ی داربڕینه‌وه.
هه‌ڵمه‌تێكی چڕی میدیایی له ناوه‌نده میدیاییه‌كان و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بۆ ئەم بابه‌ته به‌ڕێوەده‌چێت. له په‌رله‌مانی عێراق داوای بانگهێشتكردنی باڵیۆزی توركیا ده‌كرێت، داوا ده‌كرێت له په‌رله‌مانی كوردستانیش بۆ هه‌مان پرس بانگهێشتی کۆنسوڵی توركیا بكرێت. چه‌ندین رێكخراو و چلاكڤان كه‌وتوونه‌ته نێو ئەم گه‌مه ترسناكه‌وه و هات و هاواریانه بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كه نابێت رێگه بدرێت داری چیا و كه‌ژ و كێوه‌كانی بادینان ببڕنه‌وه. چه‌ند په‌رله‌مانتارێك له فراكسیۆنه جیاجیاكان داوای راگرتنی بڕینه‌وه‌ی داره‌كان ده‌كه‌ن و گوته‌بێژی حكومه‌تیش ده‌ڵێت، قبووڵمان نییه داره‌كان ببڕنه‌وه. ئەمه رێك وه‌ك ئەوه وایه بگوترێت ئەگەر داره‌كان نه‌بڕنه‌وه، پرۆسه‌ی داگیركارییه‌كه ئاساییه، به‌ڵام كه دار ببڕنه‌وه، جێگەی قبووڵكردن نییه.
ئێستا ئەگەر له چاوی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و ناوه‌نده بڕیار به‌ده‌سته‌كانی جیهانه‌وه ته‌ماشای دیمه‌نه‌كه بكه‌یت، ئەوهت بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه نه عێراق و نه باشووری كوردستانیش نیگه‌ران نیین له‌وه‌ی توركیا وڵاته‌كه‌یان داگیر ده‌كات، به‌ڵكو نیگه‌رانییه‌كه له‌و ره‌فتاره‌یه كه سه‌ربازه‌كان چی خۆیان یان ئەوه‌ی ده‌گوترێت رێگه‌یان داوه چه‌ند كۆمپانیایه‌ك داری چیاكان ببڕنه‌وه، هاتوهاوارهكانیش بۆ راگرتنی داربڕینهوهكهیه نه‌ك خودی پرۆسه‌كه. ئەسڵی بابه‌ته‌كه داگیركاریی توركیایه له باشوور و با سه‌رنجه‌كان نه‌گوێزرێته‌وه بۆ سه‌ر یه‌كێك له لێكه‌وته‌كانی داگیركارییه‌كه كه به سووتماكکردنی خاكی كوردستانه. ئەو ده‌یه‌وێت هه‌موو باشووری كوردستان به خاك و خه‌ڵكه‌وه داگیربكات، ئێوه‌ش شین بۆ دار به‌ڕووه‌كان ده‌كه‌ن. پرۆسه‌كه پرۆسه‌یه‌كی داگیركاریی وڵاتێكه، پرسه‌كه بچووك مه‌كه‌نه‌وه بۆ تاوانی بڕینه‌وه‌ی دار.
ده‌بێت خه‌ڵكی كوردستان، ناوه‌نده‌كانی ده‌سه‌ڵات، هێزه سیاسییه‌كانی و دامه‌زراوه شه‌رعی و ناشه‌رعییه‌كانی له‌وه بەئاگابێنەوە كه هیچ كه‌سێك به ئه‌ندازه‌ی ئەردۆغان له‌گه‌ڵمان راستگۆ نه‌بووه كه پێشوه‌خته پێمان ده‌ڵێت من بۆ داگیركردنی وڵاته‌كه‌تان هاتووم. له مێژووی ئێمه‌دا مه‌گه‌ر ته‌نیا عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید به‌ر له ئه‌نفال به‌و ئه‌ندازه‌یه به راستگۆی له‌گه‌ڵ كوردا دوابێت. ئەوکاتەی ساڵێك پێش ئەنفال هاتووەته كه‌ركووك و كۆبوونه‌وه‌ی به موسته‌شاره كورده‌كان كردووه، پێی گوتوون هه‌موو دێهاتهكانتان ده‌ڕووخێنم و به‌چه‌كی كیمیایی لێیان دەدهم، خه‌ڵكه‌كه‌ی هه‌موو دهستگیردهكهم و له بیابانه‌كان بیلدۆزهریان لێدهخهمهكار و هه‌موویان ده‌خه‌مه ژێر خۆڵه‌وه. ئه‌وه‌ی له ئەنفال كردی. ئەردۆغانیش چه‌ندین جار ئاوا به راشكاوی پێمان ده‌ڵێت سه‌ربازمان بچێته كوێ، ئەوه خاكی ئێمه‌یه و لێی ناكشێینه‌وه، پێمان ده‌ڵێت، دێمه مه‌خموور، دێمه شنگال، دێمه كه‌ركووك و سلێمانی. كه‌چی له كوردستان شین بۆ ئەوه ده‌گێڕن سوپاكهت داره‌كانمان ده‌بڕنه‌وه.
ئەم هه‌ڵمه‌ته چڕ و فراوانه‌ی بۆ به‌رگری له سرووشت و نه‌بڕینه‌وه‌ی داره‌كان ده‌ستیپێكردووه پێویسته بگوێزرێته‌وه بۆ رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی داگیركارییه‌كه و ناڕه‌زایه‌تی له پرۆسه‌ی داگیركردن. پێویسته ناوه‌نده‌كانی ده‌سه‌ڵات له هه‌رێم و له عێراق به ئاگابێنه‌وه له‌و مه‌ترسییه و په‌نا بۆ نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌رن، به‌ڵام ئه‌و بێده‌نگی و بێهه‌ڵوێستییه ئه‌گه‌ر نیشانه‌ی رهزامهندبوونیش نه‌بێت و هه‌ر هۆكارێكی دیکەی له پشته‌وه بێت، سه‌رئه‌نجام زه‌مینه بۆ پرۆسه‌ی داگیركردنه‌كه خۆشتر و خێراتر ده‌كات.