
هونەرمەندی گۆرانیبێژ تەها قادر بەهۆی گۆرانییە نوێیەکەی بەناوی “سێڤا سۆر” لەلایەن سەنتەری ڕۆشنبیریی دیاناوە سکاڵای لەسەر تۆمارکرا، بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیریی و هونەریی سریانی وەڵامی سکاڵاکەیان داوەتەوە.
لە راگەیەنراوێکی بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیریی و هونەریی سریانی بە ژمارە ٢٣٢ وەڵامی سکاڵاکەی “سەنتەری ڕۆشنبیریی دیانا”یان داوەتەوە، کە سکاڵاکە لەسەر گۆرانییە نوێیەکەی تەها قادری گۆرانیبێژ “سێڤا سۆر”بووە.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا کە بۆ میدیا بینرا و بیستراوەکان هاتووە ئاماژە بەوەکراوە، دوای بەدواداچوون بۆ تێکستی گۆرانی تەها قادر، دەرکەوتووە ناوبراو لە گۆرانییەکەیدا چەند وشەیەکی بەکارهێناوە کە هیچ مانایەکی نییە و لە ڕووی زمانەوانییەوە هیچ پەیوەندییەکی بە زمانی سریانییەوە نییە، بەڵکو مەبەستی سوکایەتیکردن و ناوزڕاندن بەکاردەهێنرێت دژی زمان و گەلی (کلدانی سریانی ئاشوری).
لە بەشێکی ڕاگەیەنراوەکەدا ئەوە خراوەتە ڕوو، ئەم کارە دیاردەیەکی نەخوازراوە کە دژە بە یاساکانی پاراستنی مافی مرۆڤ و یاساکانی پەخش و بڵاوکردنەوە و یاسای ژمارە ١٥ی ساڵی ٢٠١٥ی پەرلەمانی کوردستان کە تایبەتە بە پاراستنی مافی پێکهاتەکان، لەهەمان کاتدا دژی ستراتیژیەتی حکومەت و گەلی کوردستانە.
لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا هاتووە، هەموو میدیا بینراو بیستراوەکان ئاگاداردەکەینەوە کە بە هیچ شێوەیەک ئەم گۆرانییە بڵاونەکەنەوە.
جێگەی ئاماژەیە تەها قادری گۆرانیبێژ لە مانگی ئایاری ڕابردوودا بەرهەمێکی نوێی بەناوی “سێڤا سۆر” بڵاوکردەوە، ڕایگەیاندبوو هۆنراوەی بەشێکی گۆرانییەکە فۆلکلۆرە و بەشێکی تری لەلایەن ڕۆمی هەرکی گۆرانیبێژەوە نوسراوە.
تەھا قادر خەڵکی شاری سۆرانە و لە شاری هەولێر نیشتەجێیە، دەرچوی کۆلێژی ئەندازیارییە، یەکەم کاری هونەریی بە شێوەی ڤیدیۆ کلیپ بوو بەناوی “دەنگی دڵ”، لە ساڵی ٢٠١٤دا بڵاویکردووەتەوە، چەندین بەرهەمی هونەری و ڤیدیۆ کلیپی تایبەت بەخۆی هەیە.