بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی رایگەیاند، سیاسەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان پاراستنی ئازادییەكان و بەرگری و فراوانكردنیانە، لەگەڵ بەرگرتن لە هەر هەوڵێك یان پرۆژەیەك دژ بە بنەماكانی سیاسەت و ئامانجی یەكێتی بێت.
بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی لەگەڵ تیمی سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لەمافی رۆژنامەنوسان كۆبوەوە.
لەو بارەوە سەنتەری میترۆ رایگەیاندووە، لەكۆبونەوەكە باسیان لە ژینگەی كاری رۆژنامەنوسی لە هەرێمی كوردستان و بەربەستەكانی بەردەم ئازادی كاری میدیا كردوە، لەگەڵ دەرئەنجامی كۆبونەوەكانیان لەسەر ئەم بابەتە لەگەڵ سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم.
سەنتەری میترۆ داوای لە هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كردوە پاڵپشتبن بۆ فراوانكردنی ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەگەری، هاوپشتیانبن لە رەتكردنەوەی هەر پرۆژە یاسایەكی دیكە كە ئەو ئازادیانە بەرتەسك بكاتەوە.
لای خۆیەوە بافڵ تاڵەبانی باسی لە سیاسەتی یەكێتی كردوە لە بارەی ئازادییەكان و بەرگری لێیان و فراوانكردنی، بەرگرتن لە هەر هەوڵێك یان پرۆژەیەك دژ بە بنەماكانی سیاسەت و ئامانجی یەكێتی بێت.