گەلاوێژ عوبێد بڕیاردەری لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرایكرد، داوایان كردوە ساڵی داهاتوو پرۆسەی خوێندن زوو دەستپێبكات، ئەوەش بۆ قەرەبووی خوێندنی ئەمساڵ.
گەلاوێژ عوبێد لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیدا باسی لەوەكردووە، نوسراومان بۆ وەزارەتی پەروەردە كردووە و داوامان كردووە كە ساڵی داهاتوو خوێندن زوو دەست پێبكاتەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، داواكراوە سەرەتای دەستپێكردنەوەكە بۆ قەرەبووكردنەوەی وانەكانی پۆلەكانی یەك و دوو سێ بێت، بە هاوكاریی وەزارەتی پەروەردە و رێكخراوە ناحكومییەكان خولیان بۆ بكرێتەوە تا بەهێز بكرێن.
بڕیاردەری لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتوشیەتی، ئەمساڵ پۆلی 12 تەنیا 150 رۆژیان خوێندووە و پۆلەكانی دیكەیش 98 رۆژ و بە تاقیكردنەوەكانەوە دەگاتە 120 رۆژ، ئەوە رێگەچارەیەكی ناچارییە كە وەزارەتی پەروەردە لەم بارودۆخەدا گرتوویەتیە بەر، بەڵام بەپێی ستاندارد دەبێت لە ساڵێكدا 200 رۆژ وانە بخوێندرێت.