وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاشكرایكرد، لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆناوە تائێستا زیاتر لە 38 هەزار پزیشك و كارمەندی تەندروستی تووشی پەتاكە بوون و 214 یان گیانیان لەدەستداوە.
ریاز حلفی بەڕێوەبەری تەندروستی گشتی لە وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاندووە، فەرمانبەرانی سوپای سپی تائێستاش لە ریزەكانی پێشەوەی بەرەنگاربوونەوەی پەتای كۆرۆنان، ئەوەش سەرەڕای ئەوەی توشبوون و گیان لەدەستدان لە نێویاندا بەخێرایی تۆمار دەكرێت.
رونیشیكردووەتەوە، تائێستا 38 هەزار و 697 پزیشك و كارمەندی تەندروستی تووشی پەتاكە بوون و 214یان گیانیان لەدەستداوە، سەرەڕای ئەوەش ئەو هاندانەی كە بڕەكەی 500 هەزار دینارە و ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لێداوە خەرج نەكراوە بۆ ئەو كەسانەی بەرەنگاری پەتاكە دەبنەوە.
حلفی جەختیلەوەشكردووەتەوە، پزیشكان و پەرستاران و كارمەندانی پاكەرەوەی نەخۆشخانەكان ئەوانەن رۆژانە رووبەڕووی كۆرۆنا دەبنەوە و راستەوخۆ پەیوەندییان لەگەڵ توشبوواندا هەیە، سەرەڕای زۆری قوربانیەكانیان سورن لەسەر مانەوەیان لە دامەزراوە پزیشكییەكان و زاڵبوون بەسەر پەتاكەدا.